بە یەک وشەش باسی کورد ناکات

دوای 100 ساڵ دەقی پەیماننامەی لۆزان کرایە کوردی

+964

فەهمی نەبی

تەنیا دوو هەفتەی ماوە بۆ تێپەڕبوونی 100 ساڵ بەسەر واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزان، لەو ماوەیە تەنیا چەند بڕگەیەکی دەقی پەیماننامەکە کرابوون بە کوردی، بڕیارە لەم هەفتەیە تەواوی پەیماننامەکە لە کتێبێکدا بە زمانی کوردی بڵاوبکرێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، بڕوا ستار وەرگێڕی دەقی پەیماننامەکە قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت، “لەم هەفتەیەدا جگە لەوەی لە کتێبخانەکان بەردەست دەبێت، بڕیارە 200 دانە لە کتێبەکە بنێرین بۆ کۆنگرەی لۆزان، کە بڕیارە 24ی ئەم مانگە لە سویسڕا لە لایەن چەند رێکخراوێکی کوردی ببەسترێت”.

سەبارەت بەوەی ئایا دوای 100 ساڵ پەیماننامەکە هەڵدەوەشێتەوە؟ بڕوا ستار دەڵێت، “لە هیچ یەک لە بڕگەکانی پەیماننامەکە ئاماژە بەوە نەکراوە، کە دوای چەند ساڵ رێککەوتننامەکە هەڵدەوەشێتەوە، ئەمە تەنیا دەسەڵاتدارانی تورکیا بانگەشەی بۆ دەکەن”.

پەیماننامەی لۆزان، بە ناوی شاری لۆزان لە سویسرا کراوە و دەقی پەیماننامەی سیڤەری هەڵوەشاندەوە، (رێککەوتننامەی نێوان دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتە سەرکەوتووەکانی جەنگی یەکەمی جیهانی بوو)، لە 24.7.1923 لە نێوان هەریەکە لە بەریتانیا، فەڕەنسا، ژاپۆن، یۆنان، تورکیا و چەند وڵاتێکی دیکە واژۆ کرا، مەبەست لێی داڕشتنەوەی سنوور و کێشەکانی نێوان تورکیا و یۆنان بوو.

وەرگێڕی کتێبەکە دەڵێت، “لە هیچ یەک لە بڕگەکانی پەیماننامەکە بە یەک وشەش باسی کورد و ئەرمەن ناکات، ئەمەش تەنیا بۆ ئەوەی شووناسی کورد و نەتەوەکانی دیکە لە ناوچەکەدا بسڕێتەوە”.

بە پێی ماددەی 38 “حکومەتی تورکیا بەڵێن دەدات، بەرگری لە ماف و موڵک و ئازادی هاوڵاتیانی تورکیا بکات، بەبێ رەچاوکردنی زمان و رەگەز و ئایین”

بە وتەی بڕوا ستار، تورکیا هیچ یەک لەو بڕگە و ماددانەی جێبەجێنەکردووە، کە پەیوەندیدارن بە پێکهاتەکانی ناو تورکیا، لەوانەش کورد و ئەرمەن.

بڕوا ستار ئەوەش دەڵێت، “چەندان هەڵەتێگەیشتن سەبارەت بە پەیماننامەکە بڵاوبووەتەوە، لەوانە لە یەکێک لە مادەکانی پەیماننامەکە هاتووە دەبێت بە رێکەوتنی نێوان بەریتانیا و تورکیا سنووری ویلایەتی موسڵ دیاریی بکرێت، بە هیچ جۆرێک ئاماژە بە دیاریکردنی سنووری کوردستان ناکات”.

لەم هەفتەیەدا دەقی وەرگێڕانی پەیماننامەکە لە دووتوێی کتێبێکی 154 لاپەڕە بڵاودەبێتەوە، پەیماننامەکە 143مادە لەخۆدەگرێت.