وەزارەتی ناوخۆ بازاڕی تاکسی گەرم کرد

964+

دیلان محەمەد جەزا

بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆ فەرمانبەرانی خۆشحاڵ و بازاڕی تاکسیشی گەرم کردەوە.

دوای بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ کە تایبەت بوو بەوەی هەر فەمانبەرێک موچەکەی لە خوار ملیۆنێک دینارەوە بێت دەتوانێت کاری تاکسی بکات وەک کاری دووەم، ئێستا خواست لەسەر تاکسی زۆرە و ئەو فەرمانبەرانەی تاکسیەکانیان فرۆشتووە پەشیمانن و دەیکڕنەوە.

هیوا عیزەت کە کاری کڕین و فرۆشتنی تاکسی دەکات لە شاری سلێمانی بە 964ی وت، ماوەی سێ مانگە جموجووڵ کەوتووەتە بازاڕ و نرخی هەر تاکسیەکیش لە ماوی شەش مانگدا هەزار دۆلار هەڵکشاوە.

هیوا عیزەت وتیشی، مەرجی لێدانی لۆگۆ لە تاکسیەکان کاریگەری لەسەر نرخ نەبووە، بەڵام کەمێک بووەتە کێشە لەم کاتەدا چونکە کەمتر لە هەفتەیەک بەردەستە و 15ی ئەم مانگە دوا وادەیە، مامەڵە و رێکارەکانی لێدانی لۆگۆش زۆرە و کڕیارەکان فریای ناکەون.

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە  25ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا بڕیاریدا، هەر موچەخۆرێکی حکومەت موچەکەی لە ملیۆنێک دینار کەمتر بێت دەتوانێت ببێت بە شۆفێری تاکسی و لۆگۆشیان پێدەدات.

پێداچوونەوە: بەهرە محەمەد ئەمین