لەبەر بێ بازاڕی کێڵگە پەلەوەرییەکانی دهۆک ژمارەیان کەمیکردووە

964+
هیڤی دێوالی-دهۆک

پرۆژەکانی بەخێوکردنی مریشک لە هەر پێنج قەزاکەی سنوری پارێزگای دهۆک کەمی کردووە، بەشێک لە هۆکارەکەیشی بۆ بوونی مریشکی بازرگانی لە بازاڕدا دەگەڕێندرێتەوە.

لە پارێزگای دهۆک 348 کێڵگەی پەلەوەر هەیە، تەنیا نزیکەی 170 پڕۆژە کاردەکەن، بەهۆی گرانی نرخی نەوت بۆ 900 دینار، غاز، عەلەف بە 888 هەزار دینارە، و نەبوونی کارەبا لە پرۆژەکاندا، نرخی یەک کیلۆ مریشکی لە کێڵگە پەلەوەرییەکان لە نێوان دوو هەزار و 250 بۆ دوو هەزار و 350 دینارە.

حاجی قادر، خاوەنی پرۆژەی بەرهەمهێنانی مریشک بە 964ی وت، “پڕۆژەکەم بۆ ماوەی ساڵێک و شەش مانگە داخراوە، لەم دوو مانگەدا کرایەوە و دوو هۆڵی تێدایە، ئەم مانگە تەنیا 30 هەزار مریشکمان فرۆشتووە”.

وتیشی، هەبوونی مریشکی بەستووی بازرگانی کاریگەرییەکی زۆری لەسەر نرخەکان هەبووە، چەندین جار داوایان لە حکومەت کردووە چارەسەرێک بدۆزرێتەوە.

ئەمین عەبدولرەحمان، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی دهۆک بە 964ی وت، نرخەکان لە دۆخێکی خراپدان، نرخی مریشکیش کە لە ئێستادا دەفرۆشرێت زیانێکی گەورەیە بۆ خاوەن کارەکان کە بۆ هەر کیلۆیەک ٣٥٠ دینار زیانیان بەردەکەوێت و بەم شێوەیەش زۆرێک لە پڕۆژەکان دادەخرێن.

دەشڵێت،بەڵام هیچ پاڵپشتییەکی دارایی نییە، دهۆک پێویستی بە سێ هەزار و 300 تەن هەیە، بەڵام ئەوان دەتوانن چوار هەزار تۆن بۆ خەڵکی دهۆک بەرهەم بهێنین.
پێداچوونەوە: توانا نەقی