شيلادزێ ناحیەیە و کەمترین فەرمانگەی حکومی هەیە
964+
هیڤی دێوالی-دهۆک
لەگەڵ ئەوەی شیلادزێ ساڵانێکە کراوەتە ناحیە، بەڵام لە چەندان فەرمانگەی پێویست بێبەشە، قایمقامی ئامێدییش دەڵێت، بە هۆی نەبوونی زەوی و بودجەوە نەتوانراوە هەموو فەرمانگە پێویستەکان بۆ شیلادزێ دابین بکرێت.
لە ساڵی 2014ـه شێلادزێ بووە بە ناحیە لە قەزای ئامێدیێ، کە گەورەترین ناحیەیە و ژمارەی دانیشتووانی 50 هەزار کەسە، قایمقامی ئامێدیی دەلێت بەهۆی قەیرانی داراییەوە لەو کاتەدا هەموو فەرمانگەکان نەکراونەتەوە.
ناحیەی شێلادزێ تەنیا فەرمانگەکانی “شارەوانی، بەرگریی شارستانی، بەڕێوەبەری پۆلیس، ئاسایش و کارەبا”ی تێدایە، بەڵام پێچەوانەی ناحیەکانی دیکە فەرمانگەی وەک “رەگەزنامە، ئاو، کشتوکاڵ و دادگا”ی نییە، لە ناحیەی دێرەلوک و سەرسنگ دادگا هەیە، لە کاتێکدا دادگا تەنیا لە قەزا هەیە.
وارشین سەلمان، قایمقامی قەزای ئامێدی بە 964ی وت، ئەو فەرمانگە گرنگانەی هاتوونەتە دامەزراندن، لە ماستەرپلاندا 32٪ ی رووبەری شێلادزێ بۆ بینای فەرمانگەکان تەرخان کراوە، تاکە کێشە نەبوونی بودجەیەکی تایبەتە، هەروەها نەبوونی دامەزراندنی فەرمانبەرە، کە یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکان.
وتیشی، داوامان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە لە ئایندەیەکی نزیکدا بودجە تەرخان بکەن.
وارشین سەلمان ئەوەشی خستەڕوو، لەهەندێک شوێنی دیکەشدا هەرچەندە فەرمانگە هەبوون، بەڵام بە هۆی کەمیی کارمەندانەوە داخران.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا