پاڵاوگە نایاساییەکانی سێمیل لە ناودەبرێن
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
دوای حەوت ساڵ بەسەر بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک لەبارەی داخستنی پاڵاوگە نا یاساییەکانی کواشێ، دواجار بڕیارەکە جێبەجێ کرا.
ش بەهۆی تێکدانی ژینگەی ناوچەکە، دوای تێپەربوونی هەشت ساڵ بەسەر بڕیارەکە دوێنێ ٧ی کانونی یەکەم کەل وپەلی ٢٦ پاڵاوگە لەناوبران.
عەبدولسەمەد تێلی، سەرۆکی لیژنەی وزەو پێشەسازی لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک بە 964+ـی وت؛ لە ٢٠١٥ـەوە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک بەکۆی دەنگ بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکانی ناوچەی کواشێی دەرکرد کە ئەوکات ٤٥ پاڵاوگە بوون، دواتر وەزارەتی ناوخۆ، ئیدارەی پارێزگای دهۆکیش بڕیاری داخستنییان دەرکرد، بەڵام بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی خاوەنەکانی پاڵاوگەکان بەهێز بوون و دەستێکی گەورە لە پشتیان بوو، پێویست بوو هەر ئەوکات رێگرییان لێبکرایە، چونکە ئیشکردنیان زیانێکی زۆر گەورەی بە ژینگەی پارێزگای دهۆک و خەڵکەکە گەیاندووە.
عەبدولسەمەد وتیشی “بەپێی زانیاریەکانم زیاتر لەمانگێکە هیچ پاڵاوگەیەک ئیشی نەکردووە و نەوتی خاویان پێ نەدراوە، بڕیاری لەناوبردنی پاڵاوگەکان هەنگاوێکی دڵخۆشکەرە بەڵام لەمەش گرنگتر چیتر رێگا بەهیچ کەس و لایەنێک نەدرێت لەوشوێنەیە ئیش بکات”.
خەلیل مەحمود، قایمقامی قەزای سێمێل بە 964+ـی وت؛ دواین بڕیاری حکومەت بۆ داخستنی پاڵاوگەکان لە ٢٥ی ئابی ٢٠٢١ بوو، کە بڕیاریدا بە داخستنی هەموو پاڵاوگەکان، ئەوکات خاوەنەکانیان ناڕەزایی خۆیان دەڕبری، بەڵام حکومەت سوور بوو لەسەر ئەوەی دەبێت دابخرێن، دواتر لیژنەیەک پێکهێنرا کە مۆڵەت بدرێت بە هەندێکیان، بەڵام بەمەرجێک تەواوی رێنماییەکانی حکومەت جێبەجێ بکەن، ئەمەش وایکرد لەکۆی ٤٥ پاڵاوگە، شەش پاڵاوگە واز بێنن.
بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی حکومەت، لیژنەیەک پێکهێنراو دوای بەدواداچوون یانزە پاڵاوگەیان هەڵبژارد کە ئەگەر رێنماییەکان جێبەجێ بکەن دەتوانن ئیش بەکەن، بەڵام “هێشتا رێنمایەکانی حکومەتیان جێبەجێ نەکردووە، بۆیە کارەکانیان هەڵواسراوە”.
زیاتر وتی “٢٦ پاڵاوگەی تر مابوون، دوێنێ بەپێی بڕیاری ژمارەی ٣ـی ساڵی ٢٠١٨، تایبەت بەزیادەڕەوی بەسەر زەوی شارەوانی هەڵسان بە لەناوبردنی ئەو٢٦ پاڵاوگەیە.
خەلیل مەحمود ووتیشی؛ خاوەنی ئەو ٢٦ پاڵاوگەیە بەناوی دروستکردنی کارگە مۆڵەتیان وەرگرتبوو، بەڵام لەجیاتی ئەوەی کارگە دروست بکەن پاڵاوگەیان دانا بۆیە بەپێی یاسا شوێنەکانیان لەناوبران، ئێستا هیچ پاڵاوگەیەک لەسنوری قەزای سێمێل ئیش ناکەت.