هاتوچۆی دهۆک بۆ شوفێران؛ بێ پرسی ئێمە ئۆتۆمبێلەکانتان مەکەنە غاز

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

 دوای رووداوەکانی تەقینی تانکی غازو بوتڵی غاز، پۆلیسی هاتوچۆی دهۆک هۆشداری دەداتە شوفێران کە بێ پرسی ئەوان ئۆتۆمبێلەکانیان نەکەنە غاز.

لە راگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی دهۆک دەڵێ؛ لەمەولا هەر کەسێک بیەوێت ئۆتۆمبێلەکەی بکاتە سیسیتەمی LPG، پێویستە پێشوەختە هاتوچۆی دهۆکی لێ ئاگادار بکاتەوەو ئەو کۆمپانیایەی ئیشەکەش دەکات دەبێت مۆڵەتی وەزارەتی ناوخۆی هەبێت.

964+ دەزانێت، زیاتر لە ١٥٪ تا ٢٠٪ـی تاکسییەکانی دهۆک بە سیستەمی غاز کار دەکەن.

ئازاد تەها، وتەبێژی هاتوچۆی دهۆک بۆ 964+ قسەی کردووەو دەڵێ؛ ئەوانەی پێش ئەو بڕیارە ئۆتۆمبێلەکانیان کردۆتە سیستەمی غاز، ئەوا تا ٣١ـی کانونی دووەمی ٢٠٢٣ دەبێت بێنە پۆلیسی هاتوچۆی دهۆک بۆ وەرگرتنی مۆڵەت، وتی “دوای ئەو بەروارە هەر ئۆتۆمبێلێکی غاز، لە مەفرەزاکان بگیردرێت ئەوا سزا دەدرێت”.