هاتوچۆی گەرمیان: ئاگاتان لە تایەی ئۆتۆمبێلەکانتان بێت
+964
هونەر فارس – گەرمیان
بەهۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرماوە مەترسی لەسەر تەقینی تایەی ئۆتۆمبیلەکان هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش هاتوچۆی گەرمیان هۆشداری بە شۆفێران دەدات.
پلەی گەرمای گەرمیان لە چاو شارەکانی دیکەدا جیاوازترە و هەندێک رۆژ بۆ سەرووی 50 پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی گەرمبوونی لە رادەبەدەری شەقامەکان و دروستبوونی مەترسی لەسەر تایەی ئۆتۆمبیلەکان.
لە پێناو سەلامەتی گیانی شۆفێران، موقەدەم سامان عەلی وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان، لە رێگەی 964ەوە، هۆشداری بە شۆفێران دەدات و داوایان لێدەکات’ بە گوێرەی خێرایی هێماکانی هاتوچۆ بڕۆن، بۆ ئەوەی گەرمیی شەقامەکان نەبنە هۆی تەقینی تایە و وەرگەڕانی ئۆتۆمبیلەکانیان.
هەروەها، ئاگاداریان دەکاتەوە بە گوێرەی پێویست هەوا بکەنە تایەی ئۆتۆمبیلەکانیان و لەم وەرزەدا تانکی بەنزینەکانیان پڕ نەکەن و بەشێکی بە بەتاڵی بهێڵنەوە بۆ ئەوەی بەنزینەکە غاز دروست نەکات و ببێتە هۆی گڕگرتن و تەقینی تانکی ئۆتۆمبیلەکە.
964دەزانێت، بەهۆی رەنگی رەشی شەقامەکان و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای لە رادەبەدەر و هەندێک جار خراپیی کوالێتی تایەی ئۆتۆمبیلەکان، لە وەرزی هاویندا زیاتر مەترسی لەسەر تەقینی تایەکان هەیە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا