نەشتەرگەری نیمچە تایبەت لە نەخۆشخانەیەکی گەرمیان دەکرێتەوە

964+

توانا نەقی

نەخۆشخانەی شەهید شێرەی نەقیب لە گەرمیان بۆ ژنان و منداڵببون بە فەرمی ئەنجامدانی نەشتەرگەری نیمچە تایبەتی دەستپێکرد.

نەشتەرگەری نیمەچە تایبەت “سیمی پرایڤت” نەشتەرگەرییەکە کە لەدوای دەوامی فەرمی لەناو نەخۆشخانە حکومییەکان ئەنجامدەدرێت.

نەشتەرگەریەکە بۆ حاڵەتە ساردەکانە و لەبەرامبەر بڕێک پارە ئەنجامدەدرێت.

دکتۆر بەناز جەلیل، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شێرەی نەقیب بە 964ـی راگەیاند، تا ئێستا تەنیا فەرمانەکە دەرچووە و جێبەجێ نەکراوە کە سیمی پرایڤت ئەنجامبدرێت.

وتیشی، بۆ ئەو نەخۆشانەیە کە بەیانیان سەرەیان نایە بۆ نەشتەرگەری یان خۆیان دەیانەوێت ئێواران نەشتەرگەری بکەن ئەو کاتە لە بەرامبەر بڕێک پارە بۆیان ئەنجامدەدرێت.

پارەی نەشتەرگەری لە سیستمی سیمی پرایڤت بۆ ژنان و منداڵبوون لە 450 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات و بە پێی نەشتەرگەرییەکان دەگۆڕیت، پارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت و دواتر دابەشدەکرێتەوە بەسەر دکتۆرەکاندا، بەناز جەلیل وای وت.

بە وتەی تەندروستی گەرمیان ئەمە کاریگەری ناکاتە سەر دەوام و نەشتەرگەری و حاڵەتە کتوپڕەکان کە بەیانیان لە نەخۆشخانەکە چارەسەریان بۆ دەکرێت.