نەورۆز بەبێ پیشەگەرەکانی رووبەڕووی نەفتی وەسەت دەبێتەوە

+ 964
یادگار محەمەد- سلێمانی

یانەی نەورۆز بەبێ یاریزانە پیشەگەرەکانی دوا ئامادەکاری بۆ نەفتی وەسەت کرد، کە سبەی رووبەڕوو دەبنەوە.

لە یاریگەی کەربەلا، تیپی تۆپی پێی یانەی نەورۆز دوا ئامادەکاری کرد بۆ یارییەکەی بەرامبەر نەفتی وەسەت، کە سبەی لە گەڕی 35ی خولی نایابی عێراق یاریی دەکەن.

جێگر عەبدوڵا سەرپەرشتیاری تۆپی پێی یانەی نەورۆز لە شاری کەربەلاوە بە 964 ـی راگەیاند، بەهۆی کۆتاییهاتنی ماوەی گرێبەستەکانیان لەگەڵ یانەی نەورۆز، سەرجەم یاریزانە پیشەگەرەکان رۆیشتوون، کە شەش یاریزان بوون، هەروەها بە هۆی پێکانەوە دیار یاخی کاپتنی یانەکە ناتوانێت ئامادەی یارییەکە بێت، هەربۆیە تیپەکەیان بەبێ کاپتنەکەیان و یاریزانە پیشەگەرەکان دوائامادەکاری بۆ یارییەکەی سبەی کرد.

وتیشی، هەرچەندە یاریزانە پیشەگەرەکانیان رۆڵ وکاریگەرییان هەبووە لە ئەنجامە باشەکانی ئەم وەرزەی یانەکەدا، بەڵام یاریزانانی دیکەش بە باشی خۆیان ئامادەکردووە و هەوڵ دەدەن بە ئەنجامێکی باشەوە بگەڕێنەوە سلێمانی.

دوای تێپەڕبوونی 34 گەڕ لە یارییەکانی خولی نایابی عێراق، یانەی نەورۆز بە کۆی 45 خاڵ پلەی 12 ریزبەندی گرتووە و سبەی چوارشەممەش کاتژمێر 5:00 ـی ئێوارە لە یاریگەی کەربەلا دەبێتە میوانی یانەی نەفتی وەسەت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا