رووباری شیفکێ لە شێخان ژەهراوی بووە

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

ئەمرۆ ژمارەیەک ماسی و ئاژەلی تری ئاوی لە رووباری شیفکێ لە سنووری قەزای شێخان مرداربوونەتەوە و پۆلیسی ژینگە دەلێت ژەهراوی کراون.

نەقیب خالد عابد، بەڕێوەبەری پۆلیسی ژینگە لە قەزای شێخان بە 964ـی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە لەلایەن پۆلیسێکی خۆیانەوە کە دانیشتووی گوندی شیفکێیە ئاگادار کراونەتەوە ژمارەیەک ماسی و کیسەڵ و ئاژەڵی تری ئاوی لە گۆمی رووباری شیفکێ لە گوندەکە مرداربوونەتەوە.

وتیشی، گومان دەکرێت ژەهراوی کرابن، تیمەکانی پۆلیسی ژینگە و دارستانی شێخان سەرەدانی شوێنەکەیان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە ئەو ئاژەڵانە ژەهراوی کراون لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە.

“تا ئێستا نازانرێت ئەو کەسەی ئەو کارە بێ ویژدانییەی کردووە کێیە و کەسمان دەستگیر نەکردووە، بەڵام لە گەڕان و لێکۆڵینەوەکانمان بەردەوام دەبین و تا بکەری ئەو کارە دەستگیردەکرێت دەدرێت بە دادگا” خالد عابد وای وت.

رووبارەکە دەکەوێتە گوندی شیفکێ لە قەزای شێخان زۆر گەورە نییە و زیاتر لە شێوەی گۆمێک دەردەکەوێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی