لەمەودوا سەروپێکەت لە کوشتارگەی سلێمانی چاک بکە

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

لە کوشتارگەی سلێمانی سەروپێ چاکدەکرێت و لێشی دەفرۆشرێت و وەک کوشتارگەکە دەڵێت باشترین رێگەی تەندروستی بەکاردەهێنن.

کوشتارگەکە بەشێکی تایبەت بە سەروپێی کردووەتەوە و کارەکە لە رێگەی ئامێرێکەوە دەکرێت و دەست و پەرەمێز و چەقۆی تێدا بەکارنایەت.

شاڵاو عارف، بەڕێوەبەری کوشتارگەی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، چاککردنی سەروپێ لە رێگەی پەرەمێزەوە وادەکات کاربۆن لەسەر سەروپێکە بنیشێت و بۆ تەندروستی خراپە.

وتیشی، “پاشەڕۆکەی بەشە پڕۆتینییەکەی لێوەردەگیرێت و بەکاردەهێندرێتەوە، هەروەها بەشە رەقەکەشی لە رێگەی ئامێرەوە دەسووتێندرێت”.

کوشتارگەکە هەم سەروپێ دەفرۆشێت هەم هی هاوڵاتیانیش وەردەگرێت و نرخی چاککردن لەنێوان 2500 دینار بۆ چوار هەزار دینار دەبێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی