ئاماری 3 رۆژی جەژن

1869 منداڵ سەردانی نەخۆشخانەی منداڵانی هەولێریان کردووە

شیراز عەبدوڵا ـ هەولێر

لە سێ رۆژی رابردووی جەژنی قورباندا 176 منداڵ بە هۆی سکچوون و رشانەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی راپەڕینی منداڵانی هەولێر، 4 منداڵ بەهۆی نەخۆشی دیکەوە گیانیان لەدەستداوە .

لە رۆژێک یەکەمی جەژنی قوربان 591 منداڵ، لە رۆژی دووەم 656 منداڵ، لە رۆژی سێیەمی جەژنیشدا ژمارەکە بەرزتربووەتەوە و 796 منداڵی نەخۆش هێنراوەتە نەخۆشخانەی راپەڕین .

هێمن ئەکرەم ، ئێشگری کارگێڕی لە نەخۆشخانەی راپەڕینی فێرکاری منداڵانی هەولێر بە 964 ـی راگەیاند، “لە ماوەی سێ رۆژی جەژندا 1869 منداڵی نەخۆش سەردانیان کردوون، زۆرترین کەیس هەناسەتەنگی و سکچوون و رشانەوە بووە،  3 حاڵەتی پێوەدانی دووپشک و مار هەبووە و چارەسەریان بۆ کراوە، 86 منداڵ لە بەشی ناکامەکان و 276 منداڵ لە فریاکەوتن خەوێنراون ”

لە ماوەی سێ رۆژی جەژن بەپێی ئەو خشتەیەی لە نەخۆشخانەی راپەڕینی منداڵانی هەولێر دانراوە، بەردەوام زیاتر لە 10 پزیشک ئێشگربوونە لە بەشکانی ( منداڵەناکامەکان، فریاکەوتن، نەشتەرگەری، چاودێریی چڕ، یەکەکانی دیکە)، لەو ماوەیەدا پزیشکەکان 6 نەشتەرگەرییان بۆ منداڵان ئەنجامداوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا