ئاوی دهۆک بۆ هاوبەشانی؛ پەلە بکەن ١٣ رۆژ ماوە بۆ ئۆفەرەکە

+964

هیڤی دێوالی- دهوک 

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دهۆک، هاوبەشانی ئاو لە پارێزگای دهۆک ئاگادار دەکاتەوە کە پەلە بکەن لە بەستانی پێوەری ئاوو دەڵێ؛ ئۆفەرەکە ١٣ رۆژی ماوە.

پەیامنێری +964 لە دهۆک رایگەیاند کە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دهۆک لە راگەیەنراوێکدا بۆ هاوبەشانی ئاو لە شارەکە، داوایان لێدەکات کە پەلە بکەن لە بەستانی پێوەری ئاو تا سوودمەند بن لەو ئۆفەرەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار.

+964 دەزانێت، لە ٢٧ـی نیسانی رابردوو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ماوەی شەش مانگی بۆ هاوبەشانی ئاو راگەیاند بۆ بەستانی پێوەری ئاو، بۆ ئەمەش لێخۆشبوونی زۆری بۆ هاوبەشان کردووە.

بەپێی ئۆفەرەکەی وەزارەتی شارەوانی بێت، هاوبەشانی ئاو لە سەنتەری شارەکان ئەگەر ٨٠ هەزار دیناریان لەسەر بێت ئەوا بۆیان هەیە ٢٠ هەزار بدەن، هاوکات هاوبەشانی دەرەوەی شارەکانیش لە ٨٠ هەزار دینار ١٠ هەزار دینار دەدەن بۆ هەر مانگێک.

لە راگەیاندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دهۆک هاتووە کە ٢٠ـی ئەم مانگە دوا مۆڵەتە تا هاوبەشان سوودمەند بن لەو ئۆفەرە.