ژینگەپارێزی هەولێر: یەکەم رۆژی جەژن لەسەر شۆستە پاشماوەی ئاژەڵ فڕێدراوە
964+
فەهمی نەبی
بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەپارێزی هەولێر رایگەیاند، لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا خەڵکێکی زۆر پابەندی ئەو شوێنانە نەبوون، کە بۆ فڕێدانی پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی دیاریکرابوون، تەنانەت خەڵک هەبووە لەسەر شۆشتە پاشماوەی ئاژەڵی فڕێداوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دووەم رۆژی جەژنی قوربان، بەڕێوەبەری ژینگەپارێزی هەولێر بە 964ی راگەیاند، لە یەکەم رۆژی جەژن، خەڵکێکی زۆر پابەندی رێکارەکان نەبوون، ئەرکێکی زۆریان بۆ کارمەندانی شارەوانی دروست کرد.
ژیار جەلال، بەڕێوەبەری ژینگەپارێزی هەولێر دەڵێت، “لە 35 شوێنی هەولێردا حاویەمان دانابوو، بەڵام خەڵکێکی زۆر لە بری ئەوەی پاشماوەکان فڕێیبداتە ناو حاویەکان، لە دەوروبەری حاویەکان فڕێیاندابوو”.
بەڕێوەبەری ژینگەپارێزی هەولێر ئەوەشی وت، “خەڵک هەیە لەسەر شۆشتەکان پاشماوەی ئاژەڵی فڕێداوە، چونکە وەرزەکەی گەرمە تا کارمەندەکانمان دەگەیشتنە ئەو شوێنە بۆنی دروست دەکرد، تەنانەت چەند مەترێک لە دووری ئەو شوێنە بۆنی تێکچوونی ئەو پاشماوەیە دەهات”.
بەڕێوەبەرایەتی ژینگەپارێزی هەولێر، رۆژێک بەر لە جەژنی قوربان رایگەیاند، لە هەر شەش شارەوانییەکەی هەولێر لە 35 شوێندا حاویەیان داناوە بۆ فڕێدانی پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی، هاوکات کۆمەڵێک رێکاریان بڵاوکردەوە بۆ رێگری لە بڵاوبونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون.