بۆ یەکەمجارە هۆڵی نەشتەرگەری چاو لە خانەقین دەکرێتەوە

964+

راژان باجەلان – خانەقین

دوای دوو ساڵ لە نۆژەنکردنەوەیان، سێ هۆڵی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی خانەقین کرانەوە، کە یەکێکیان بۆ نەشتەرگەری چاوە، دەبێتە یەکەم هۆڵی نەشتەرگەری چاو لە خانەقین.

جگە لەو هۆڵەی بۆ نەشتەرگەری چاو تەرخانکراوە، یەکێکی دیکەیان بۆ نەشتەرگەری گشتی و ئەوەی دیکەیان بۆ نەشتەرگەری ژنان تەرخان کراوە.

د.شوان شاکر، بەرێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی خانەقین بە 964ی راگەیاند، کارکردن لە هۆبەی نەشتەرگەرییەکان تەواو بوون و لەم چەند رۆژەدا کاری تەعقیمکردنی تەواو دەبێت و دەخرێتە  خزمەتکردنی هاوڵاتییان.

بە وتەی بەرێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی خانەقین، لەگەڵ ئەوەی دوو ساڵە ئەو هۆڵانەی نەشتەرگەری نۆژەن دەکرانەوە، بەڵام نەشتەرگەری لەو نەخۆشخانەیە لە هۆڵی دیکە بەردەوام بووە.

لە ماوەی رابردوودا نەخۆشخانەی گشتیی خانەقین جگە لە هۆبەی نەشتەرگەری، هەریەک لە بەشی خواردنگە و  منداڵانی تازە لەدایکبوو، هەروەها بەشی پاراستنی دەرمان و پێداویستییەکان نوێکراوەتەوە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی