رۆژانە زیاترە لە دوو هەزار تۆن
بەرهەمی ناوخۆیی هەرێم بۆ شارەکانی عێراق دەڕوات
964+
فەهمی نەبی
بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کشتوکاڵی هەولێر رایگەیاندووە، بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆیی لە بازگەکانی حکومەتی عێراق کێشەی بۆ دروست نەبێت، پشتگیریی دەدەنە جوتیاران و هەر رۆژێک زیاتر لە دوو هەزار تۆن بەرهەمی ناوخۆیی بۆ شارەکانی عێراق دەڕوات.
ماوەی چەند ساڵێک بوو لە بازگەکانی حکومەتی عێراق، رێگری لە رۆیشتنی بەرهەمی جوتیارانی کورستان دەکرا، بەڵام لە سەرەتای ئەمساڵ وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم و عێراق لێکتێگەیشتنێکیان واژوو کرد، بۆ ئەوەی چیدیکە رێگری لە بەرهەمی ناوخۆیی ناوچەکانی یەکتر نەکەن، بە مەرجی پێدانی پشتگیری، تا بزانرێت ئەو بەرهەمە ناوخۆییە.
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە 964ی وت، رۆژانە لە نێوان 400 بۆ 500 پشتگیری بۆ جوتیاران دروست دەکرێت، ئەو بەرهەمانە بۆ هەریەکە لەشارەکانی کەرکوک، موسڵ، بەغدا و شارەکانی خوارووی عێراق دەڕوات و هەر رۆژێک زیاتر لە دوو هەزار تۆن بەرهەم دەڕوات.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ئەوەشی وت، ئەو بەرهەمانەی هەناردەی شارەکانی خوارووی عێراق دەکرێن، سەوزە و میوە و هەموو بەرهەمێکی هاوینەی ناوخۆییە، ئەوە لە کاتێکدایە ئەو بەرهەمانەی لە ناوخۆ هەن، لە سنوورەکان قەدەغەیە هاوردە بکرێن.
بە وتەی هێمن سەید موراد، بەرهەمی خۆماڵی لە پێداویستی ناوخۆ زیاترە، دەبێت بازاڕی بۆ بدۆزێتەوە، بەم هەنگاوە ئەمساڵ رێگری دەکرێت لەوەی بەرهەمی جوتیاران پارە نەکات.