ئەو کچەی هیچ خوێندنگەیەکی سلێمانی وەرینەگرت ئازارەکانی لە کتێبێکدا نووسیەوە
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
ئەندریا پێشڕەو، ئەو کچە خویندکارەی زانکۆ کە رەفزەکانی سەرجەم قوتابخانەکانی سلێمانی نەیانتوانی لە گەیشتن بە زانکۆ و ئاواتەکانی ساردی بکەنەوە.
ئەندریا، لەگەڵ ئەوەی بەهۆی نەخۆشی ئیفلیجی مێشک لەلایەن قوتابخانەکانی سلێمانی وەرنەگیرا، بەڵام مۆراڵی بەقەد کێوێک بوو، عەشقی بۆ فێربوونی خوێندن و خوێندنەوە وایکرد بڕیار بدات ماڵەوە بکات بە قوتابخانەی گەیشتن بە ئاواتەکەی و لەوێوە خۆی فێری خوێندەواری بکات.
ئەندریای تەمەن 32 ساڵ، لە تەمەنێکی بچووکەوە بەهۆی زەردووییەوە تووشی ئیفلیجی مێشک دەبێت و ئێستا 100%ی ئیفلیجە، بەڵام مێشکی کاردەکات و لە هەوڵەکانی نەوەستاوە، ئەمەش وایکرد ئێستا ئەو خوێندکاری قۆناغی چوارەمی کۆلیژی زمانی کوردی زانکۆی سلێمانی بێت.
ئەندریا، بە خەونەکانی گەیشت و ئێستا چیرۆکی سەرکەوتنی لەگەڵ هەموومان لە دووتوێی کتێبێک بەناوی (چیرۆکەکانی ئەندریا) نووسیوە و چاپ و پەخشی کردووە.
ئەندریا، کتێبەکەی بە نۆ مانگ نووسیوە و لەبارەیەوە دەڵێت: ژیانی پڕ ئازاری کەسێکی کەمئەندامم گێڕاوەتەوە، راستە باسی خۆم دەکەم، بەڵام ئازاری من ئازاری هەموو کەمئەندامانێکە”.
کتێبەکەی ئەندریا لە 186 لاپەڕە پێکهاتووە و رۆژی 25.6.2023 لە مەراسیمێکی تایبەتدا بڵاوکرایەوە، نووسەر و ئەدیب هیوا قادر پێشەکی بۆ نووسیوە.
ئەندریا لەگەڵ ئەوەی سوپاسگوزاری خێزانەکەی و هەموو ئەوانەیە هاوکاریان کردووە، هاوکات داوا لە خێزانەکان و کەسانی تری کۆمەڵگە دەکات هاوکاری کەسانی کەمئەندام بکەن نەک بیانڕوخێنن.
پیداچوونەوە: فەرمان سادق