لە یارییەکی دۆستانەدا کورتەباڵاکان لە کچانی سلێمانیان بردەوە

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

لە یارییەکی دۆستانەی پر لە جوڵەی جواندا، تیپی کورتەباڵاکان لە هەڵبژاردەی کچانی سلێمانی بردەوە.

لەسەر یاریگای چیا و بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندی لەنێوان هەردوو ئاستی کوڕان و کچاندا، تیپی تۆپی پێی کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی کوردستان لەگەڵ کچانی سلێمانی یارییەکی دۆستانەیان ئەنجامدا.

دوای پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز لەلایەن یاریزانانی هەردوو تیپەکەوە، کۆمەڵەی کورتە باڵاکانی سلێمانی بە ئەنجامی هەشت گۆڵ بەرامبەربە چوار گۆڵ یارییەکەی بردەوە.

پارساڵیش تیپی تۆپی پێ کورتەباڵاکانی سلێمانی، بەشداریان لە پاڵەوانیەتیەک لەسەر ئاستی عێراق کرد و پلەی سێیەمیان لەسەر ئاستی 13 پارێزگا بەدەستهێنا، ئەمساڵیش تیپەکەیان بەشداری پاڵەوانیەتییەکە دەکات و سەرۆکی کۆمەڵەکەش دەڵێت: چاومان لە پلەی یەکەمە.

عومەر جەبار سەرۆکی کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی کوردستان بە 964ـی وت، ئەوان تاکە رێکخراون لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کە گرنگی بە بواری وەرزش دەدەن و چەند تیپێکی یارییە جیاوازەکانیشیان دامەزراندووە.

تیپی فوتساڵی کچانی سلێمانی، لە شاری دهۆک بەشداری پاڵەوانیەتی جامی فوتساڵی عێراقیان کردبوو، کە ئەمڕۆ یاری کۆتایی پاڵەوانییەتیەکە ئەنجامدرا و یانەی ئافرەتانی هەولێر لە یاری کۆتایی لە کچانی قوە جەوییەیان بردەوە و بوون بە پاڵەوانی جامەکە،

لەسەر یارییەکەیان بەرامبەر تیپی کورتەباڵاکان، عەباس فەرەج، راهێنەری تیپی تۆپی پێی کچانی شاری سلێمانی بە 964ـی وت، دوای گەرانەوەیان لە پاڵەوانیەتی جامی عێراق، تیپەکەیان هەرچەندە هیلاکیش بوون بەڵام بەم یارییە دۆستانە رازی بووین، لەبەر ئەوەی تیپی کورتەباڵاکان ئامادەکاری بۆ پاڵەوانیەتی عێراق دەکات.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق