ئاوی زۆریان راكێشاوە

ئاودێریی گەرمیان بۆ خاوەن حەوزەكان: دەتاندەینە دادگا

+964
هونەر فارس – كەلار

بەشێك لە خاوەن حەوزەكانی ماسی لە گەرمیان زیادەڕۆییان لە راكێشانی ئاودا كردووە، ئاودێریش دەڵێت، چاكی نەكەن دەیاندەینە دادگا.
لە سنووری گەرمیان زۆربەی حەوزی ماسییەكان دەكەونە دەشتی بنكورە،ە كە زۆربەیان لە پڕۆژەی ئاوی باڵەجەوە ئاویان بۆ دابین دەكرێت.

لە سنووری گەرمیان 57 حەوزی ماسی رێگەپێدراو هەیە و نزیكەی 100 حەوزی ماسی نافەرمی هەیە،  هەر حەوزێكی ماسی لە ئاودێری رێگەی پێدراوە دوو ئینج ئاو وەربگرن، .

موئەیەد ئەحمەد شەمسوڵا، بەڕێوبەری ئاودێریی گەرمیان، بە964ی وت، بەشێكی زۆر لە خاوەن حەوزەكانی ماسی بە ناوی فراوانكردنی حەوزەكانیانەوە زیاتر لە دوو ئینج ئاویان راكێشاوە ئەوەش زیانی بە ئاوی ناوچەكە گەیاندووە، داوامان لێكردوون ئەو كێشەیە چارەسەربكەن، ئەگەرنا دەیاندەنە دادگا.

خاوەن حەوزەكان بە ناوی فراونكردنی حەزەكانیانەوە ئاوی زیاتر رادەكێشن، هەیانە هەشت ئینجی راكێشاوە، ئەو ئاوەی كە لە حەوزەكانیان دەمێنێتەوە بۆ باخداری و كشتوكاڵ بە كاری دەهێنن، موئەیەد ئەحمەد وای وت.

لە رێگەی 964 یشەوە، جەختیکردەوە بەدواداچوون بۆ حەوزەکان دەكەن، هەر خاوەن حەوزێکی ماسی مۆڵەتەکەی تازە نەکاتەوە و پابەند نەبێت بە رێکارەکانی ئەوانەوە، دەدرێتە دادگا.

لەو 58 حەوزە ماسییەی، كە رێگەپێدراون لە گەرمیان، ساڵانە 350 تۆن ماسی بەرهەم دەهێنن، یەك كیلۆ ماسیش لە نێوان پێنج بۆ حەوت هەزار دیناردایە.

پێداچوونەوە: كوردستان ئەحمەد