ڤاگنەر چییە کە هەموو دنیا باسی دەکات؟
964+
بەشی کوردی
چیرۆکەکە لە شوێنێکی ترەوە دەست پێدەکات
ساڵی 1991 کەسێک کە بە تۆمەتی دزیکردن لە زینداندا بوو ئازاد کرا
ئەم پیاوە 30 ساڵە ناوی یاڤگینی پریگۆژین بوو
پرۆژەیەکی بچووکی لەگەڵ دایکی و مێردی دایکی دامەزراند بۆ فرۆشتنی سۆسەج لە بازاڕێکی شاری سانپترسبۆرگی روسیا
ئەم پیاوە وردە وردە گەورە بوو تێکەڵی مافیاکانی ئەو شارە بوو، لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکان بووە خاوەنی قومارخانەو چەند چێشتخانەیەکی گەورە
ئەو کاتە لە سانپترسبۆرگ بەرپرسی دۆسێی گازینۆ و چێشتخانە و قومارخانەکان ڤلادیمێر پۆتین بوو
پۆتین و پریگۆژین بوونە هاوڕێ و زوو زوو پۆتین کەسایەتییە گرنگەکانی دەبردە چێشتخانەکەی پریگۆژین، هەر لەبەر ئەوە بوو بە پریگۆژینیان دەوت چێشتلێنەرەکەی پۆتین
ساڵی 2014 کاتێک سەرۆکە ئۆکرانییەکەی دۆستی روسیا کەوت، روسیا بڕیاریدا بە شێوەی سەربازی دەست وەربداتە ئۆکرانیا، تیمێکی سەربازی تایبەت کە ناویان لێنرابوو ڤاگنەر زۆر بە خێرایی نیمچە دورگەی کریمیای گرت
کۆمەڵێ سەربازی لێزانی دەموچاو هەڵپێچراو چوونە ناو دورگەکە و زوو شوێنە گرنگەکانیان گرت
بەهۆی ئەم رووداوەوە لە هەموو میدیاکانی جیهان باس باسی ڤاگنەر بوو
لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکان وتیان ڤاگنەر کۆمپانیایەکی سەربازی تایبەتە، ئەو ئەفسەرە روسیانەی دادەمەزراند کە ئەزموونی زۆری شەڕیان هەیە و خانەنشین بوون و باری داراییان خراپە
تیمەکە ئەفسەرێکی پێشووی روسیا سەرۆکایەتی دەکردن بەناوی دیمیتری ئۆتکین
بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر ناونانی ڤاگنەر، هەندێ کەس دەڵێن بەناوی ریخارد ڤاگنەر ناونراوە میوزیسیانی بەناوبانگی ئەڵمانی کە هێتلەر پێی سەرسام بوو
هەندێکی تر دەڵێن لە نازناوی ئۆتکینەوە وەرگیراوە ئەو سەردەمەی ئەفسەر بوو لە سوپای روسی پێیان وتووە ڤاگنەر
ساڵی 2015 سوپای روسیا بڕیاریدا بە هێزی سەربازی پاڵپشتی سوپای سوریا بکات بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە، بۆ ئەمەش ڤاگنەری بەکارهێنا، دوای ئەوەش ڤاگنەر لە شەڕی چەند وڵاتێکی تر بەشداریی کرد
لە هەموو ئەو شەڕانە بەردەوام روسیا دەیوت ئەو پەیوەندی نییە بە ڤاگنەرەوە
کاتێکیش میدیا جیهانییەکان دەیانوت سەرۆکی فیعلی ڤاگنەر یاڤگینی پریگۆژینە، ئەو دەچوو داوای لەدژی میدیاکان تۆمار دەکرد و دەیوت ناوو ناوبانگم لەکەدار دەکەن
کاتێکیش لە مانگی 2ی ساڵی 2022 هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکراینا دەستی پێکرد
سەرەتای هێرشەکە سوپای روسیا زۆر پەرتەوازە بوو
پریگۆژین یەکێک بوو لەو کەسانەی لەبەردەم پۆتین بە ئاشکرا رەخنەی لە سوپا گرت و وتی ئەفسەرەکان بێ بەهان، دەبێ بە پێی پەتی و بە چەکەوە بنێردرێن بۆ شەڕەکە
پاش ئەوەی سوپا لە هەندێ شوێن شکستی هێنا، پۆتین پەنای بردە بەر ڤاگنەر بۆ دەست بەسەردا گرتنی ئەو ناوچانە، یەکێک لەشەڕە گەورەکانیش شەڕی باخمۆت بوو
ڤاگنەر بە روسیاوە نەوەستا دەرگای وەرگرتنی کردەوە بۆ هەر کەسێک لە وڵاتانی تری جیهانەوە ببێت بە چەکداری ڤاگنەر
میدیای ئەمریکی دەڵێت ڤاگنەر چووتە بەندیخانەکان و بە دز و پیاوکوژ و دەستدرێژیکار و تریاک کێشەکانی وتووە شەش مانگ لەگەڵمان بن و شەڕمان بۆ بکەن و دوای ئەوە ئازاد دەکرێن
یەکێک لەم زیندانیانە کە چووە بەرەی شار خۆی دا بە دەستی ئۆکرانییەکان و وتی من لە زیندانەوە هاتووم
ڤاگنەر ئەمەی بە مەترسی زانی، لەمانگی 11ی 2022 تیمێکی تایبەتیان ناردە ناو پایتەختی ئۆکراین و ئەم کەسەیان فڕاندو سەریان بە چەکوش پانکردەوەو ڤیدیۆکەیان بڵاوکردەوە
پریگۆژین دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە وتی ئەمە سزای خیانەتکارانە
کۆشکی سپی دەڵێت نۆ هەزار ڤاگنەر لە شەڕی ئۆکرانیا کوژراون و 90% ئەمانە زیندانییەکانن
دواجار هەر لەشەڕەکەی ئۆکرانیا پریگۆژین دانی نا بەوەدا کە ئەو سەرۆکی ڤاگنەرەو حکومەتی روسیا پاڵپشتییان دەکات