٨٠٪ـی کارەکانی تەواو بووە
سلێمانی دەبێتە خاوەنی گەورەترین پاڵاوگەی نەوت
+964
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
بڕیارە ساڵی ٢٠٢٣ گەورەترین پاڵاوگەی بەرهەمە نەوتییەکان لە پارێزگای سلێمانی تەواو بکرێت، بە وتەی پارێزگاری سلێمانی پاڵاوگەکە توانای پاڵاوتنی ٨٥٠ بۆ ٩٠٠ هەزار لیتر بەنزینی دەبێت لە ڕۆژێکدا.
شوێنی پاڵاوگەکە دەکەوێتە شارۆچکەی عەربەت، کە 19کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای ناوەندی سلێمانییەوە دوورە، زیاتر لە سەدا 80ی کارەکانی تەواو کراوە و کۆمپانیای فۆکس ڕیفۆرمین پڕۆژەکە جێبەجێ دەکات.
ھەڤاڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی بە 964+ـی وت: “پڕۆژەکە کەرتی تایبەت وەک یەکێک لە پڕۆژە ناوازەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێی دەکات، توانراوە سوود لە ئامێر و تەکنەلۆجی نوێ وەربگیردرێت، تا بەشێوەیەکی تەکنیکیی پێشکەوتووی دۆستی ژینگە کار بکات.”
964+ دەزانێت، مانگی ئابی ئەمساڵ دوو پاڵاوگە لە ئیماراتەوە ھێنراونەتە نێو پڕۆژەکە و پاشتر دەست کرا بە بناغەکردن و ئامادەکاری، ئێستا ڕۆژانە نزیکەی ٢٠٠ کرێکار و ئەندازیار کاری تێدا دەکەن.
“ئەم پڕۆژە یەکێکە لە پڕۆژە دەگمەنە پیشەسازییە قورسەکانی ئەم بوارە و وا بڕیارە لە ساڵی 2023 بە فەرمی بکرێتەوە،کە کاریگەریی زۆری لەسەر جۆر و قەبارە و نرخی بەنزین و گازی شل دەبێت لە کوردستاندا”، هەڤاڵ ئەبووبەکر وای وت.
لە پارێزگای سلێمانی جگە لە پاڵاوگەی بازیان کە مۆڵەتی ڕەسمیی هەیە، زیاتر لە ٤٠ پاڵاوگەی نایاساییش بوونیان هەیە.