لە روسیا چی روودەدات؟

ڤاگنەرەکان لە دۆستایەتی روسیاوە بۆ دوژمنایەتی

فەهمی نەبی

دوای چەند مانگێک لە وتاری ناڕەزایی لەلایەن سەرکردەی گرووپی ڤاگنەرەکانی روسیا، ماوەی دوو رۆژە رووبەڕووبونەوەی توند لە نێوان سەربازانی گرووپی ڤاگنەر و هێزەکانی روسیا روودەدات.

رۆژی هەینی لەناکاو یەڤگینی بریگۆژین سەرکردەی گرووپی ڤاگنەری نیمچە سەربازی لە وتارێکیدا هێزەکانی روسیای تۆمەتبارکرد بەوەی بۆردومانی هێزەکانی ڤاگنەریان کردووە و ژمارەیەکی زۆری سەربازیان لێ کوشتوون، داوای کرد هەرچی زووە سەرباز و لایەنگرانی بێنە شەقامەکانی روسیا.

بریگۆژین کە تا چەند مانگ بەر لە ئێستا یەکێک بوو لە هاوڕێ نزیکەکانی ڤلادیمێر پوتین، دەڵێت هێزەکانمان 25 هەزار چەکدار دەبن، ئەمەش لە وتارێکیدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند.

ئەمڕۆ شەممە لە ڤیدیۆیەکیشدا بریگۆژین دەڵێت، “دوو بنکەی سەربازی و فڕۆکەخانەیەکی جەنگی شاری رۆستۆڤمان کۆنتڕۆڵ کردووە”.
سێ سەعات دوای وتارەکەی بریگۆژین، پوتین گرووپی ڤاگنەرەکانی بە هەڵگەڕاوە ناساند.
ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا، لە نوێترین وتاری بۆ خەڵکی روسیا، وتی، “ئەوان خیانەتیان کردووە و ئێمە جەنگ دژی تیرۆر رادەگەیەنین و بە توندی رووبەڕوویان دەبینەوە”.
پوتین ئەوەشی وت، “هەڵسوکەوتی ئەو گرووپە لە کاتێکدایە روسیا لەگەڵ نازیەکان (مەبەستی لەشکری ئۆکراینایە) رووبەڕووبوونەتەوە، بۆیە باری نائاسایی لە روسیا رادەگەیەنین”.

بریگۆژین و پوتین هەردووکیان خەڵکی شاری سان پترسبۆرگن، کە دووەم گەورەترین شاری روسیایە، بە گوێرەی تۆڕی BBC پەیوەندی نێوان ئەم دووانە بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە کە پوتین لە شارەوانی سان پترسبۆرگ کاری کردووە و رۆژانە سەردانی چێشتخانەکەی بریگۆژینی کردووە.

لە دوێنێ شەوەوە هێزێکی زۆری سەربازی روسی لە شەقامەکانی مۆسکۆ و شارەکانی دیکە بڵاوەیان پێکراوە.

سەرۆکی گرووپی ڤاگنەرەکان لەو ڤیدیۆیەی بڵاویکردووەتەوە رایگەیاند، هەموو ئەو تۆمەتانەی لە بارەی شکستی سوپای روسیا لە بەرەکانی جەنگ دژی ئۆکراین بەهۆی هێزەکانی ئەوان دوور لە راستیەوە.

ئەم وتارەی بریگۆژین لە کاتێکدایە، ماوەی چەند مانگێکە لە وتاری سەرۆکی ئەو گرووپە هەست بە جیاکاری کراوە، بە تایبەت لە مانگی نیسان و ئایاری ئەمساڵ، ئەمەش بە گوێرەی سەرچاوەیەکی سەربازیی روسیا، کە بۆ تۆڕی جەزیرە قسەی کردووە.

ڤاگنەرەکان، هێزێکی نیمچە سەربازی روسیان، لەلایەن کۆمەڵێک ئەفسەری سوپا و کۆمپانیای بواری سەربازیی تایبەتەوە دروستکراوە، لە لایەن وەزارەتی بەرگریی روسیا راهێنەریان پێکراوە، لە چەندان شەڕ لە سوریا و لیبیا و بەرەی جەنگی ئۆکراین بەشدارییان هەبووە.