ماڵەکانی دەوروبەر دەڵێن بێزاربوون

ئاهەنگی هاوسەرگیری لە پارکێکی کەلار قەدەغە دەکرێت

+964

میلاد جەلال_کەلار

بەهۆی ئەوەی دانیشتووانی دەوروبەری پاركی شەهید حەمەڕەش لە كەلار سكاڵایان تۆمار كردووە، شارەوانی شارەکە ئاهەنگی بووك گواستنەوەی لە پاركەكە قەدەغە دەکات.

ئەم بڕیارەی شارەوانی دوای جەژنی قوربان دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

پاركی شەهید حەمەڕەش، لە تەنیشت قەڵای شێروانەیە لە ناوەڕاستی شار، بەشێكی زۆر لە هاوڵاتیانی شارەكە كاتێك ئاهەنگی بووک گواستنەوە یان مارەبڕینیان هەیە دەچنە پاركەكەوە و گۆرانی دەڵێن و هەڵدەپەڕن.

بەشێکی زۆری بووک و زاواکان ئاھەنگەکانیان دەبەنە پاركەكە، ئەمەش ماڵەکانی نزیک پارکەکەی بێزار کردووە، شارەوانیش دەڵێت دوای جەژن ئاھەنگ گێڕان قەدەغە دەکەن.

ئەکرەم ساڵح سەرۆکی شارەوانی کەلار بە 964ی وت، “ئەو ماڵانەی لە تەنیشت پاركەكەوە دەژین، بێزارن و گلەییان هەبووە، داوایان لێكردین كە رێگری لەم دیاردەیە بكەین، بۆیە بڕیارمانداوە دوای جەژن بە هەموو شێوەیەك قەدەغەی بكەین”.

تەنها رۆژی هەینی 23.6.2023 لە پاركەكەدا 20 ئاهەنگی وێنەگرتن و بووك گواستنەوەی تێدا بووە.

بەھۆی کەمی ھۆڵ و شوێنی ئاھەنگ گێڕان، دانیشتووانی قەزای کەلار و دەوروبەری ئاھەنگەکانیان لەو پارکە ئەنجامدەدەن.

لە کەلار نزیکەی 65 باخچە و پارک هەن، ھاوڵاتیان و گەنجان بەمەبەستی وەرگرتنی پشوو و بەسەربردنی کاتەکانیان روویان تێدەکەن.

پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد