چیتر گەشتیارانی زاخۆ لە دهۆک ناخەون
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
لە زاخۆ سێ هوتێلی پێنج ئەستێرە دروستدەکرێن و ئیتر گەشتیارانی زاخۆ بۆ خەوتن روو لە دهۆک ناکەن.
لەگەڵ ئەوەی دەڤەری زاخۆ ناوچەیەکی شوێنەواری و شاخاوییە و دەیان ناوچەی گەشتیاری تێدایە، بەڵام هیچ هوتێلێکی پێنج ئەستێرەی تێدا نییە.
زاخۆ، ساڵانێکە بووەتە رووگەی گەشتیارانی ناوخۆ و ناوەڕاستی عێراق لە هەردوو وەرزی بەهار و هاوین.
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ نزیکەی 15 هوتێل و موتێلی جۆراوجۆر هەیە کە پێشوازی لە گەشتیاران دەکات، بەڵام هوتێلەکان زیاتریان سێ ئەستێرەن، ئێستا بڕیاردراوە هوتێلی پێنج ئەستێرەی لێدروست بکرێت.
چیا ئەمین، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆ بە 964 وت: جگە لەوەی زاخۆ ناوچەیەکی گەشتیارییە، لەهەمان کاتدا ناوچەیەکی بازرگانیشە، ئەوانەی بۆ گەشتیاری یان کاری بازرگانی روویان لە زاخۆ دەکرد بە ناچاری بۆ مانەوەی شەوانیان روویان لە دهۆک دەکرد، بەڵام لەماوەی یەک ساڵدا ئەم گرفتەش نامێنێت و چارەسەر دەبێت.
دەشڵێت: ئەم هوتێلانە پێداویستی گەشتیاران پڕ دەکاتەوە ئیتر گەشتایران ناچار نین بۆ نووستن شەو بگەڕێنەوە دهۆک.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق