باسی جوتیارانی کوردی کەرکوک کراوە

شاندێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە هەولێرن

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

شاندێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، هاتوونەتە شاری هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم باسیان لە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و داگیرکردنی زەوی جوتیارانی کورد و تورکمان لە کەرکوک کردووە.

جەنەراڵ ماتیۆ ماکفەرلین، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا سەرۆکایەتی شاندەکە دەکات و هانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەیان داوە، کە پەلە بکەن لە جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بە شاندەکەی وتووە، ئەوان ئامادەین پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە خێراتر بکەن و نابێت ناکۆکی سیاسی کاریگەری هەبێت لەسەر بەردەوامی چاکسازییەکان.

“پێویستە بە زووترین کات وەزیرێک بە وەکالەت بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دەستنیشان بکرێت، تا لەلایەکەوە سەرپەرشتی وەزارەتەکە و پرۆسەی ریفۆرم لە هێزەکانی پێشمەرگەدا بکات و لەلایەکی دیکەشەوە ئەو لێکتێگەیشتنە جێبەجێ بکات، کە پێشتر لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکادا ئیمزا کراوە”، قوباد تاڵەبانی وای وتووە.

ئەم زانیارییانە لە ئەکاونتی فەرمی جێگری سەرۆکی حکومەت لە فەیسبووک وەرگیراوە.

ئەلینا رومانوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە توویتەر بڵاویکردووەتەوە، پێشتر شاندەکە لە بەغدا لەگەڵ لێپرسراوانی حکومەتی عێراق کۆبوونەتەوە و باسیان لە گەرەنتیکردنی ئەمنییەت و سەقامگیری و سەروەری عێراق کردووە.

مەسرور بارزانیش راگەیەنداوی کۆبوونەوەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، “بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و کۆتاییهێنان بە شاڵاوی داگیرکردنی زەوی جوتیارانی کورد و تورکمان لە سنووری کەرکوک، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەمان بوو”.

لە رێکەوتی 21.9.2022، لە رێوڕه‌سمێكدا ياداشتێكى لێكتێگه‌يشتن له‌ نێوان ‏وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تى به‌رگريى ئه‌مريكادا واژۆ كرا.

بە پێی راگەیێندراوێکی هاوبەش، کە ئەو کاتە هەردوولا بڵاویانکردەوە، ئەمریکا پابەندیی خۆی بۆ پشیوانیکردنی رۆڵ و بەشداریی هێزەکانی پێشمەرگە دووپاتکردووەتەوە لە ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی تێکشکاندنی داعشدا، وەک پێکهاتەیەکی هێزە ئەمنییەکانی عێراق.

“[لێکتێگەیشتنەکە] رەنگدانەوەی هاوئاهەنگی دوورمەودای نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق و هەروەها پابەندیی هاوبەشیشیانە بۆ تێکشکاندنی یەکجارەکی داعش”، راگەیەندراوەکە وا دەڵێت.