سۆراغ؛ کڕینی ئاژەڵ لە چاو پار ئەم کاتانە کەمی کردووە
964+
دیلان محەمەد جەزا
ساڵانە پێش جەژنی قوربان هاوڵاتیان سەردانی مەیدانی ئاژەڵان دەکەن، بۆ ئەوەی ئاژەڵێک دیاری بکەن بۆ قوربانی، بەڵام بە سۆراغی 964، ئەمساڵ خواست لەسەر ئاژەڵ کەمبووەتەوە.
بەهۆی مەترسی پەتای خوێنبەربوون، هاوڵاتیان ترسیان هەیە و خۆیان بەدوور دەگرن لە کڕینی ئاژەڵ.
نرخی رەشەوڵاخ لە حەوت هەزار و 500 دیناردایە بۆ کیلۆیەک، بەرخ بە هەشت هەزار دینارە، کاوڕ نرخی لە حەوت هەزار دیناردایە.
سیروان عەبدوڵا فرۆشیاری ئاژەڵ بە 964ـی وت، “لەگەڵ ئەوەی خەڵک لە ترسی پەتای خوێنبەربوون ئاژەڵ ناکڕن، نرخی ئاژەڵیش گرانە، لەچاو ساڵی رابردوو هەفتەیەک پێش جەژن بۆ هەر کیلۆیەک هەزار دینار گران بووە”.
وتیشی، پار لەم کاتەدا نزیکەی 70 سەر ئاژەڵی فرۆشتبوو، بەڵام تا ئەم ساتە چوار سەری فرۆشتووە، “بە تەواوی بازاڕمان نەماوە و ئەم ناوە چۆڵ بووە”.
تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ حاڵەتێکی پەتای خوێنبەربوون لە سلێمانی تۆمارنەکراوە، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەباشییان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو نەخۆشیە گرتووەتەبەر.
بەپێی بەدواداچوونێکی 964، لەگەڵ هۆشدارییەکانی حکومەتی هەرێم لەبارەی پەتای خوێنبەربوونەوە، هێشتا شوێنی سەربڕینی ئاژەڵ ماوە لەناو مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی و ئاژەڵی تیادا سەردەبڕدرێت.
لە ماوەی رابردوودا لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی هەستان بە رووخاندنی ئەو کەپرانەی ئاژەڵی تیادا سەردەبڕدرا لە مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی، بەڵام لە بەشی ناوەوەی مەیدانەکە هێشتا ئاژەڵ لە چەند شوێنێکدا سەردەبڕدرێت.