نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە گەرمیان - وێنە: 964
گرێبەستەکانیان نوێ ناکرێتەوە
موچەی ژینگەپارێزانی تەندروستی گەرمیان دەدرێت
964+
پێشەوا محەمەد
موچەی مانگەکانی دوو و سێی ئەمساڵی ژینگەپارێزانی تەندروستی گەرمیان دەدرێت، کە ژمارەیان زیاتر لە 150 کەسە، بەڵام گرێبەستەکانیان بۆ نوێ ناکرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21.6.2023 موچەی دوو مانگی ئەو ژینگەپارێزانە دەدرێت و بەهۆی کۆتاییهاتنی گرێبەستەکانیشیانەوە ئەوان لەسەر کار نەماون.
تەندروستی گەرمیان لە ئێستادا بێ ژینگەپارێزە و ئەوەش کاریگەری کردووەتە سەر پاکڕاگرتنی ژینگەی نەخۆشخانەکان.
محەمەد نامیق، نوێنەری ژینگەپارێزانی تەندروستی گەرمیان بە 964ی راگەیاند، نازانن هۆکاری نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکانیان چییە.
وتیشی، “هەندێکمان تا ئێستاش بە خۆبەخش کاردەکەین و خێرخوازان مانگانە 200 هەزار دینارمان پێدەدەن، بەڵام پێیان وتووین گرێبەستەکانتان بۆ نوێ ناکرێتەوە”.
964 زۆر هەوڵیدا لەگەڵ تەندروستی گەرمیان قسە بکات، دواجار نووسینگەی دکتۆر سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان وەڵامی دایەوە و رایگەیاند پەیوەندی دەکەنەوە، بەڵام دواتر وەڵامیان نەدایەوە.