حکومەت: لەبری زەوی، یەکەی نیشتەجێبوون بدەن بە کەسوکاری شەهیدان

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

چوار وەزارەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژەیەکن بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی، وتەبێژی وەزارەتی شەهیدانیش دەڵێت هەوڵدەدەین لەمەودوا لەبری زەوی خانوو یان شوقەیان پێبدرێت.

عادل ساڵح، وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان بە 964+ی راگەیاند، “حکومەت و وەزارەتمان پێشنیازیان کردووە لەبری زەوی، خانوو و شوقە بۆ کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی دابین بکرێت.”

پلانی دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون لەلایەن حکومەتەوە پێشنیازکراوە و بۆ جێبەجێکردنی بیرۆکەکە رۆژی دوو شەممە هەریەک لە وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، وەزیری داد، وەزیری کشتوکاڵ، سەرۆکی دەستەی گشتی وەبەرهێنان و نوێنەری وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار کۆبوونەوە.

وەزارەتی داد لە وێبسایتی فەرمی خۆیان رایگەیاند، “بڕیار وایە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو بیرۆکانەی لە کۆبوونەوەکە گەڵاڵە کران، بۆ بڕیاردان، بخرێتە بەردەم لیژنەی باڵای وەبەر‌هێنان لە هەرێمی کوردستان و بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێ بوون (شوقە) بۆ کەسوکاری شەهیدان و جینۆسایدکراوان.”

وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان لە پەیجی خۆیان لە فەیسبووک نوسیویەتی، بەپێی یاسا کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی شایستەن بۆ  سوودمەند بونیان لە وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون.

بەپێی ئاماری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە هەرێمی کوردستان پێنج هەزار و ١٥٧ زیندانی سیاسی هەن و نزیکەی ١٠٠ هەزار کەسیش مووچەی شەهیدان و ئەنفالکراوان وەردەگرن.