کارتی بانکیان لە ناو لاپتۆپ و خواردن شاردبووەوە و دەستگیر کران
964+
فەهمی نەبی
ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی دوو بازرگانی مادەی هۆشبەری راگەیاند، هاوکات چەندین کەسیان دەستگیر کردووە، کە ویستویانە، کارتی ئەلیکترۆنی بانکی لە ناو لاپتۆپ و خواردەمەنی ببەنە دەرەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، دەزگای ئاسایشی هەرێم بڵاویکردووەتەوە، ئاسایشی فڕۆکەخانەی سلێمانی دوو تۆمەتباری بازرگانی مادەی هۆشبەریان دەستگیرکردووە، کە بڕی حەوت کیلۆ و 170 گرام مادەی هۆشبەر لە جۆری حەشیشیان لابووە، ویستویانە بیبەنە دەرەوە.
ئەو دوو تۆمەتبارەی دەستگیرکراون، بەپێی مادەی 25ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان راگیراون، ئەمەش بەپێی راگەیەنراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێم.
هاوکات ئاسایشی فڕۆکەخانە لە کاتی جیاواز، چەندین کەسیان دەستگیر کردووە کە ویستویانە کارتی بانکی ببەنە دەرەوە، ئەو کەسانە، کارتی بانکیان لە ناو لاپتۆپ و پاوەربانک و خواردن شاردوەتەوە.
بە گوێرەی رێنمایی بانکی ناوەندی، رێکاری بردنە دەرەوەی دۆلار گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە، لەو کاتەوە خەڵکانێک لە رێگەی دروستکردنی کارتی ئەلیکترۆنی بانکی دەیانەوێت دۆلار ببەنە دەرەوە، بە جۆرێکە لەو وڵاتەی بۆی دەچن لە رێگەی ئەو کارتانەوە دۆلار رادەکێشن.