دوای جەژنی قوربان دەکرێتەوە

بەشی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە کۆیە دادەمەزرێت

964+

پێشەوا محەمەد

بەشی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە شاری کۆیە دادەمەزرێت و بڕیارە دوای جەژنی قوربان بکرێتەوە.

کارەکانی بەشەکە تەواو کراون و فەرمانی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ دەرچووە.

ئەو فەرمانبەرانەی کاری تێدادەکەن بەشێکیانی بۆ گوازراوەتەوە و ژمارەیەک فەرمانبەری نوێشی بۆ دامەزرێندراوە.

“دوای جەژن لە مەراسیمێکدا کردنەوەی بەشەکە رادەگەیەنین و لەوێوە خزمەتی کرێکارانی سنوورەکەی تێدادەکەین و دوای ئەوەش ئامار وەردەگرین بزانین چەند کرێکار لە سنوورەکەماندا هەیە”، ئەوە وتەی حاکم تارق حەیدەر، قایمقامی کۆیەیە بۆ 964.

دوای کردنەوەی ئەو بەشە کرێکارانی کۆیە دەتوانن خۆیان و شوێنی کارەکەیان لەوێ تۆمار بکەن و مافەکانیان بە پێی یاسا پارێزراو بکەن.

بە پێی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ژمارە 39ی ساڵی 1971 کە بە یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2012 هەموار کراوە، ئەگەر کرێکار دەستەبەری بۆ کرابێت، هەموو مافێکی کارمەندی کەرتی گشتی هەیە. وەک قەرەبوو، خانەنشینی، پێکان لەسەر کار، پاداشتی کۆتایی خزمەت.