لە کۆی 6417 رفێندراوی ئێزیدی 3568 کەسیان رزگارکراون
964+
شیراز عەبدوڵا
نۆ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان تێدەپەڕێت هێشتا سەرووی دوو هەزار رفێنراویان بێ سەروشوێنە، لەم ماوەیەدا زیاتر لە 3500 رفێنراو ئازادکراون.
ئەمڕۆ دووشەممە 19.6.2023، لە هەولێر لە رۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی سێکسی لەکاتی ململانێکاندا، بە بەشداری نوێنەری نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان گفتوگۆیەکی کراوە لە بارەی کاریگەری و توندوتیژی سێکسی بەرامبەر هاوڵاتیانی ئێزیدی ئەنجامدرا.
حسێن قائیدی، بەرپرسی نوسینگەی رزگارکردنی گەڕێنراوانی ئێزیدی بە 964ـی وت “لە 2014ـەوە تاوەکو ئێستا 3568 ئێزیدی لە رزگارکراون و گەڕێنراونەتەوە ناو کەسوکاریان، نزیکەی 2600 کەسی تریش هێشتا بێسەروشوێنن”.
جگە لە کچان و ژنانی ئێزیدی، ئەوا 22 کچ و ژنی تورکمانی تەلەعفەرنیش رزگارکراون.
هیمان رەمزی، بەرپرسی رێکخراوی تۆڵە بۆ کاروباری توکمان بە 964ـی وت، ئەو کچ و ژنانە ئێستا لە تەلەعفەر دەژین و تەمەنیان لە نێوان 8 بۆ 45 ساڵ دەبێت.
دەشڵێت: لەدوای گەڕانەوەیان تاوەکو ئێستا وتەیان لێوەرنەگیراوە و بێ کەیسن، چونکە کەسوکاریان کوژراون و ئێستا لای خزم و ناسیاویان دەژین.
بۆ دووبارە گەڕاندەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگە، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆک سەنتەرێکی دەروونی کردووەتەوە و رزگاربووەکان دەخرێنە ئەو سەنتەرە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق