شارەوانی کەلار هەڵمەتێکی بۆ لابردنی خانووی زیادەڕۆ دەستپێکردووە
964+
هونەر فارس – کەلار
شارەوانی کەلار هەڵمەتێکی بۆ لابردنی خانووی زیادەڕۆ دەستپێکردووە، لە هەڵمەتەکەدا دوو خانوو رووخێندراون و بڕیاری رووخاندنی چەند دانەیەکی دیکەش دراوە.
خانووە رووخاوەکان دەکەونە گەڕەکی عەلە و محەوە لەناو قەزای کەلار و بەشێوەی زیادەڕۆ لەلایەن هاوڵاتیانەوە دروستکرابوون.
“لە ئێستادا هەڵمەتەکە بەردەوامە و جگە لە خانووی زیادەڕۆ ئەو زیادەڕۆیانەش دەگرێتەوە کە لەناو کۆڵان و گەڕەکەکاندا لەلایەن هاوڵاتیانەوە دروستکراون”، عەلی محەمەد بەرپرسی لیژنەی لابردنی زیادەڕۆ لە شارەوانی کەلار وای بە 964 وت.
وتیشی، چەند خانوویەکی دیکە بڕیاری لابردنیان بۆ دەرچووە، بەڵام هەندێک کێشەی ئامێریان هەبووە بۆیە تا ئێستا لانەبراون.
لەبارەی ژمارەی ئەو خانووانە و شوێنەکانیانەوە کە بڕیاری لابردنیان بۆ دەرچووە، ئاماژەی بەوەکرد، تا کاتی لابردنیان نایانەوێت هیچی لەسەر بڵێن.
ئەو هۆکاری سستی کارەکانی لادانی زیادەڕۆکان بۆ فراونبوونی شار دەگەڕێنێتەوە، جەختیش دەکاتەوە تا توانایان هەبێ کار بۆ نەهێشتنی زیادەڕۆی هاوڵاتیان دەکەن لەناو گەڕەک و کۆڵانەکاندا.