یانه‌ی نه‌ورۆز یارییه‌كانی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ سلێمانی

+964

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

جێگری سه‌رۆكی یانه‌ی نه‌ورۆز ئاشكرای كرد، له‌ سه‌ره‌تای ساڵی نوێدا یارییه‌كانی یانه‌كه‌یان له‌ خولی نایابی عێراق، بۆ یاریگه‌ی سه‌ره‌كیی شاری سلێمانی ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌، ئاشكراشی كرد پرۆژه‌ی دروستكردنی یاریگه‌ی تایبه‌ت به‌ یانه‌كه‌یان فراوانتر ده‌كرێت.

هێرش كه‌مال هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی یانه‌ی نه‌ورۆز به‌ 964+ی وت، “خه‌ریكین یاریگه‌ی سلێمانی “مه‌لعه‌به‌كه‌” نۆژه‌ن و رێك ده‌خه‌ینه‌وه‌، پلانمان وایه‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵی نوێی ٢٠٢٣ یارییه‌كانی یانه‌كه‌مان له‌ خولی نایابی عێراق له‌ سلێمانی ئه‌نجام بده‌ین.

یانه‌ی نه‌ورۆزی شاری سلێمانی، به‌هۆی ئاماده‌نه‌بوونی یاریگه‌ی تایبه‌ت به‌ خۆی و پێنه‌دانی یاریگه‌ له‌ لایه‌ن یانه‌كانی دیكه‌ی كوردستانه‌وه‌، ناچاره‌ له‌ به‌غدا و نه‌جه‌ف

یارییه‌كانی خۆی ئه‌نجام بدات.

یانه‌ی نه‌ورۆز، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ یانه‌ دیاره‌كانی شاری سلێمانی، دووه‌م وه‌رزیشه‌ به‌شداریی خولی یانه‌ نایابه‌كانی عێراق ده‌كات، به‌ڵام یاریگه‌ی نییه‌ و ناچاره‌ له‌ یاریگه‌ی شاره‌كانی به‌غدا و نه‌جه‌ف یارییه‌كانی خۆی بكات.

یانه‌ی نه‌ورۆز له‌ لایه‌ن لاهور شێخ جه‌نگی، هاوسه‌رۆكی پێشووی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستانه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت و هه‌ر ئه‌و پاڵپشتیی داراییان ده‌كات.

سه‌رۆكی یانه‌ی نه‌ورۆز له‌ تشرینی یه‌كه‌می ساڵی ٢٠٢٠ پرۆژه‌ی دروستكردنی یاریگه‌ی یانه‌كه‌ی راگه‌یاند، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ره‌تای ده‌روازه‌ی شاری سلێمانی، نزیك به‌كره‌جۆ، گوژمه‌ی پرۆژه‌كه‌ دوازده‌ ملیۆن دۆلاره‌، به‌ڵام هێشتا كاره‌كانی كۆتایی نه‌هاتووه‌.

هێرش هه‌ورامی، وه‌ك خۆی به‌ 964+ی وت، به‌ نووسراوی فه‌رمی له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی یانه‌كه‌یه‌وه‌ رێگه‌ی پێدراوه‌ وه‌ك سه‌رۆكی یانه‌ كاروباری كارگێڕیی و دارایی یانه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ ببات.

ئاشكراشی كرد، سه‌رۆكی یانه‌ی نه‌ورۆز پێشتر رایگه‌یاندووه‌، دوای ته‌واوبوونی پرۆژه‌ی یاریگه‌ی یانه‌كه‌یان، ده‌ست له‌ كار ده‌كێشێته‌وه‌ و كاره‌كه‌ بۆ وه‌رزشوانان جێده‌هێڵێت.

سه‌ره‌تای ئه‌م وه‌رزه‌ بڕیار بوو له‌ یاریگه‌ی یانه‌ی هه‌ولێر یارییه‌كانمان ئه‌نجام بده‌ین

ئه‌و وتی، “سه‌ره‌تای ئه‌م وه‌رزه‌ بڕیار بوو له‌ یاریگه‌ی یانه‌ی هه‌ولێر یارییه‌كانمان ئه‌نجام بده‌ین، تا یاریگه‌كه‌مان ئاماده‌ ده‌بێت، به‌ڵام دواتر یانه‌كه‌ په‌شیمان بوونه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ سه‌ره‌تا ره‌زامه‌ندییان پێداین”.

جێگری سه‌رۆكی یانه‌ی نه‌ورۆز، گله‌یی له‌ یانه‌كانی كوردستان كرد، كه‌ هاوكاری یانه‌كه‌ی ئه‌و نه‌بوون له‌ دابینكردنی یاریگه‌ بۆ یارییه‌كانیان له‌ خولی عێراق.

“به‌داخه‌وه‌ به‌شێك له‌ یانه‌كانی كوردستان به‌ بڕیاری سیاسییه‌كان مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن و سه‌رۆك و ده‌سته‌ی كارگێڕییه‌كان خاوه‌ن بڕیاری خۆیان نین”، هێرش هه‌ورامی وای وت.

پرۆژه‌ی یاریگه‌ی یانه‌كه‌ له‌ 2020 بڕیاری له‌سه‌ر درا..فۆتۆ: راگه‌یاندنی یانه‌ی نه‌ورۆز

هه‌ورامی سه‌باره‌ت به‌ پرۆژه‌ی یاریگه‌ی یانه‌ی نه‌ورۆز، وتی “پرۆژه‌ی یاریگه‌كه‌ كاری تێدا كراوه‌، به‌ڵام هێشتا زۆری ماوه‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت پرۆژه‌ی شارێكی وه‌رزشی بێت، نه‌ك هه‌ر یاریگه‌یه‌ك، ده‌مانه‌وێت جگه‌ له‌ یاریگه‌ی سه‌ره‌كی، یاریگه‌ی مه‌شق، هۆڵی داخراو، مه‌له‌وانگه‌، پاركی ئۆتۆمبێل و خزمه‌تگوزاری دیكه‌شی تێدابێت، بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌و زه‌وییه‌ی ته‌رخان كراوه‌ كه‌مه‌ و پێویسته‌ زه‌وییه‌كه‌ زیاتر بكرێت، له‌ رێگه‌ی پارێزه‌ره‌كانی یانه‌كه‌شمانه‌وه‌ خه‌ریكین زه‌وی پێویست بۆ پرۆژه‌كه‌ زیاد بكه‌ین، كه‌ ره‌نگه‌ بگاته‌ ٥٠ دۆنم.

ئه‌و هه‌روه‌ها پێشبینیی كرد، سه‌ره‌تای وه‌رزی داهاتوو یاریگه‌ی یانه‌كه‌یان بۆ میوانداریكردنی یارییه‌كان ئاماده‌بێت، ئه‌گه‌ر كاره‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی باش و به‌ پێی پلانی خۆیان بڕوات.

یانه‌ی نه‌ورۆز ساڵی ٢٠٠٨ له‌ یه‌كگرتنی هه‌ردوو یانه‌ی كه‌مال سه‌لیم و ئه‌زمه‌ڕ له‌ سلێمانی دامه‌زراوه‌ و له‌ چه‌ند یارییه‌كی وه‌رزشیدا تیپی باش و ئه‌نجامی باشی هه‌یه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ تۆپی پێ و پایسكلسواریدا.