لە رێگەی ئەدەب و هونەرەوە هەڵسەنگاندن دەکات

وەزارەتی رۆشنبیری دەیەوێت زانستیانە سەیری جینۆساید بکات

964+

پێشەوا محەمەد

وەزارەتی رۆشنبیری لە رێگەی کۆنفرانسێکەوە کارکردن لەسەر جینۆساید لە ئەدەب و هونەردا هەڵدەسەنگێنێت.

کۆنفرانسەکە لەژێر دروشمی “جینۆساید و روانینێکی زانستیانە” لە کۆتا مانگەکانی ئەمساڵدا لە شاری هەولێر رێکدەخرێت.

لە ئێستاوە وەزارەتەکە بانگەوازی بۆ توێژەران بڵاوکردووەتەوە، کە بە چەند مەرجێک بەرهەمەکانیان لە بواری توێژینەوە لە جینۆساید لە ئەدەب و هونەردا تا 30.7.2023 ئاراستەی لیژنەی دیاریکراو بکەن.

“دەمانەوێت بزانین نووسەر و هونەرمەندی کورد تا چەند جینۆسایدکردنی کوردی کردووە بە کەرەستەی کارە هونەری و نووسراوەکانیان”، ئەوە وتەی نامیق هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیرییە بۆ 964.

دەشڵێت، دەیانەوێت ئامارێکیان لە رێگەی توێژەرەکانەوە دەستبکەوێت تا بزانن ئەو کارانەی لەسەر جینۆساید کراون لە ئاست چاوەڕوانیدان یاخود نا.