رێگاکانی خۆپارێزی ئاشکراکراون

نیشانەکانی توشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون چین؟

964+

پێشەوا محەمەد

تای خوێنبەربوون، کە نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵدا دەردەکەوێت و دواتر بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، لەگەڵ توشبووندا چەند نیشانەیەک لە کەسەکەدا دەردەکەوێت.

نیشانەکان لە ماوەی سێ تا حەوت رۆژدا دەردەکەون.

بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی، نیشانەکانی توشبوون بەو نەخۆشییەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، کەسی توشبوو تایەکی بەرزی دەبێت، هەموو جەستەی ئازاری دەبێت بەتایبەت لە پشت و ملیدا، ئەگەری هەیە نەخۆشەکە تووشی سکچوون و رشانەوە ببێت.

نیشانەکانی دواتری ئەوەیە، کەسەکە تووشی خوێنبەربوون دەبێت، بە جۆرێک لە دەم و لوتییەوە خوێن بەردەبێت و لە پشتیشی پەڵەیەکی خوێنبەربوون دەردەکەوێت.

تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەشت کەس تووشی ئەو نەخۆشییە بوون و چواریان گیانیان لەدەستداوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە چەند رێنماییەکی خۆپارێزیشی بڵاوکردووەتەوە، ئەوانیش دوورکەوتنەوەیە لە سەربڕینی ئاژەڵ لە سەرشەقامەکان بە نایاسایی.

هەروەها ئەو کەسانەی گۆشتفرۆشن، دەبێت سەرجەم رێنماییە پزیشکییەکان پەیڕەوبکەن، وەک بەکارهێنانی دەستکێش و جلوبەرگی تایبەت، هاوکات بەکارهێنانی دەرمانی دژە مێروو، بۆ ئەوەی نزیک نەبنەوە لە ئاژەڵەکان، ئەو کەسانەش کە سەردانیان دەکەن بە مەبەستی کڕین دەبێت بەئاگابن.

رێنماییەکی دیکەش ئەوەیە مرۆڤ نەچێتە ئەو شوێنانەی مێرووەکانی لێن.