لولو چاکبووەتەوە و ئێستا لە ئەماندایە
هێرۆ مەولودی
لولو، چیتر مەیمونە ترسنۆکەکەی جاران نییە، ئێستا دەچێتە باوەشی ئەوانەی هاوکارییان کرد، پاش ئەو ئازارە گەورەیەی بەر لە چەند مانگێک بەسەریهات، لولو ئێستا چاکبووەتەوە.
بە وتەی فەرمان فازڵ کە سەرۆکی رێکخراوێکی ئاژەڵپارێزە و بە هاوکاری پزیشکێک لولویان رزگار کردووە، لولو بە توندی سەری بە زەویدا کێشرابوو، سەری شەق بوو بوو، بە هۆیەوە ١٥ رۆژ بێهۆش بوو.
چەند مانگ بەسەر ئەو ئازارەی لولو تێدەپەڕێت، هێشتا ئەو ترسە لە دڵیدا ماوە، جگە لەو کەسانەی چاودێری دەکەن، لولو لە باوەشی کەسانی نەناسراو نامۆیی دەکات و جاروباریش تووشی گەشکە و لەرزین دەبێت.
ئەنعام سابیر رۆڵی باشی هەبوو لە چاودیری دوای چاکبوونەوەی ئەم بێزمانە، ئیستا بەخێوی دەکات و دڵخۆشە لولوی هاروهاج دەپارێزێت و ئاگای لێیەتی، ئەنعام خەڵکی موسڵە و دانیشتووی هەولێرە. ئەو دەڵێت، “با ئێمەی مرۆڤ ئاژەڵەکانمان خۆش بوێت و ئاگامان لێیان بێت”.
چوار مانگ بەر لە ئێستا باسوخواسی لولو بووە بابەتێکی گەرمی ناو خەڵک، دوای ئەوەی خاوەنەکەی بڕێکی زۆر مەشروبی پێدابوو دوای ئەوەش زۆر بە قورسی لێیدابوو، تا ئەوەی بێهۆش بوو، دواتر هەندێک ئاژەڵدۆست بە هانایەوە چوون و زۆر بە زەحمەت رزگاریان کرد.
ژمارەی ئەو ئاژەڵانە زۆرن کە بە دەردەداری و سەقەتی دەکەونە سەر شەقامەکان، بەشێکی زۆریان قوربانی دەستی مرۆڤن، هەندێکیشیان دوای ئەو ناڕەحەتییە بەختیان دەبێت و کەسانی وەک فەرمان و ئەنعام فریایان دەکەون و چاودێرییان دەکەن.