وێنەی سەرەتای گەڕانەکەت لەسەر ئەپڵیکەیشنی مۆزەخانەی سلێمانی وێنە: 964+
لینکەکە لای ئێمەش هەیە
بە مۆبایلەکەت پیاسەیەک بە مۆزەخانەی سلێمانی بکە
964+
فەهمی نەبی
ئەپڵیکەیشنی (مۆزەخانەی سلێمانی) کەوتە کار، بەکاربەرانی دەتوانن لەسەر مۆبایلەکانیان بەبێ ئەوەی سەردانی شوێنەکە بکەن، بە گۆشەی 360 پلە بچن بۆ هەموو کونج و کەلەبەرێکی ئەو مۆزەخانەیە.
گرووپی Itakstudio ئەو ئەپڵیکەیشنەیان دروستکردووە، بینەران بەدەم سەیرکردنی دیمەنەکانی ناو مۆزەخانە هاوکات گوێبیستی پارچەیەک مۆسیقای شمشاڵی هونەرمەند قالە مەڕە دەبن.
هەسار شوان، بەڕێوەبەری گرووپی Itakstudio بۆ 964 قسەی کرد وتی، “سەروەختی هاتنی کۆرۆنا و دەستپێکردنی کەرەنتین، لەگەڵ برا و خوشکەکانم بیرۆکەی ئەوەمان بۆ دروست بوو، ئەگەر نەچینە دەرەوەش چۆن بتوانین سەردانی ماڵی خزمەکانمان بکەین، هۆکارێکی دیکەی دروستکردنی ئەو ئەپڵیکەیشنە، کەمبونەوەی ژمارەی سەردانیکەرانی مۆزەخانە بوو لە سلێمانی”.
هەسار دەڵێت، بیرۆکەکە جێبەجێکردنی هەمان بیرۆکەی Google Earth بوو، بە 360 پلە دەتوانیت سەیری هەموو لایەکان بکەیت.
پڕۆژەکە ناوی لێنراوە (بە ڤیژوەڵکردنی مۆزەخانەی سلێمانی)، بە جۆرێکە بینەرانی دەتوانن بە شێوەی 3D ژوور بە ژوور هەموو کونج و کەلەبەرێکی ئەو مۆزەخانەیە ببینێت.
ئەپڵیکەیشنی مۆزەخانەی سلێمانی، کە ئەم هەفتەیە کەوتەکار، نەخشەی مۆزەخانەکەی تێدایە و پێت دەڵێت تۆ لە کوێی مۆزەخانەکەی، جگە لەوە دەچیتە هەر ژوورێک چی تێدابێت دەتوانیت کلیک لەسەر پارچە شوێنەوارەکە بکەیت و وێنەیەکی روونت دەداتێ و زانیاری تەواوی مێژووی ئەو پارچەیەت بۆ دەخاتە روو.
بەکارهێنەرانی ئەپڵیەکەیشنەکە دەتوانن خۆیان بە پەنجە خستنەسەر، ئاماژەی بۆ پێشەوە دەتوانن بگەڕێن، بە شێوەیەکی دیکە ئۆتۆماتیکی ئەپڵیکەیشنەکە خۆی گەڕانی ژوورەکان ئەنجامدەدات، هاوکات بە لینکی Google Earth بەستراوەتەوە، دەتوانرێت لەوێوە سەیری بکەیت.
لە رێگەی ئەم لینکەوە دەتوانن سەیری مۆزەخانەی سلێمانی بکەن.