گەرماکەی کەلار بشتسووتێنێت تەبریدت بۆ ناکەنەوە

964+

هونەر فارس – گەرمیان

پلەی گەرما رۆژ بە رۆژ لە بەرزبونەوەدایە، کەچی ئەو ئۆتۆمبیلانەی لە قەزای کەلار نەفەر دەگوازنەوە ئامادەنین تەبرید دابگیرسێنن.

تا پلەی گەرمای کەلار بەرزتر بێت نیگەرانی ئەو هاوڵاتیانەی کە بە ئۆتۆمبیلی نەفەرهەڵگر هاتوچۆ دەکەن زیاتر دەبێت، ئەویش بەهۆی کار پێنەکردنی فێنککەرەوە لەناو ئۆتۆمبیلەکاندا.

“نەفەر هەڵگرەکان لە جۆری مینی پاسن و هەندێکیان مۆدێلیان کۆنە و فێنککەرەوەیان هەر تێدا نییە، ئەوانەشی کە تازەن ئامادەنین کاری پێبکەن”.

هاوڵاتیەک کە کارەکەی لە ناو بازاڕە و بەهۆی نەبوونی ئۆتۆمبیلەوە بە ناچاری رۆژانە دووجار بە مینی پاس هاتوچۆ دەکات، بۆ 964 وتی، “لە گەرما بشسوتێی تەبریدت بۆ ناکەنەوە، ئارەق لە سەرتەوە دێت و لە قاچتەوە دەچێتە خوارەوە کەچی باکیان نییە”.

شۆفێری یەکێک لە مینی پاسەکانیش دەڵێت، “هێندە نەفەر سوار دەبێت و دادەبەزێت تەبرید ناو سەیارەکان فێنک ناکەنەوە، سەیارەکانیش درێژن و تەبریدەکەی هێندە بەهێز نییە ساردی بکات”.

ئیدریس مستەفا، بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی گەرمیان، هۆکاری پێنەکردنی فێنککەرەوە بۆ کەمی مەودای هاتوچۆی نەفەر گەڕاندەوە.

وتیشی “ئێمە ناتوانین مەرجی کردنەوەی فێنککەرەوە لە ناو سەنتەری شارەکاندا بۆ ئەو ئۆتۆمبیلانە دابنێین، بەڵام بۆ دەرەوەی شار بڕیارە و هەر شۆفێرێک کار بە فێنککەرەوە نەکات لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت”.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق