لە زێلکان و قەرەچووغ چی روویدا؟

964+

هێمن بەکر – هەولێر

لە ٣٠ کاتژمێری رابردوو، دوو جار هێرشکراوەتە سەر سەربازگەیەکی تورکیا لە پارێزگای دهۆک، هەروەها سوپای عێراق هێرشی کردە سەر گروپێک چەکداری نەناسراو لە چیای قەرەچووغی مەخمور، ئەوە جگە لەوەی دەنگۆی بۆردومانی کەمپی جودی هەبوو.

درەنگانی شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە بە دوو کاتیۆشا هێرشکرایە سەر سەربازگەکەی سوپای تورکیا لە ناحیەی زێلکانی قەزای شێخان لە دهۆک، دواتر لە ئێوارەی یەکشەممە، جارێکی تر بە هەشت کاتیۆشا هێرشکرایەوە سەری.

لە هێرشی یەکەمدا، هیچ زیانێکی گیانی و مادیی نەبوو، بەڵام بەپێی زانیارییەکان، لە هێرشی دووەمدا، کاتیۆشاکان بەر خاڵێکی پاسەوانی سەربازگەکە کەوتوون، بەبێ زیانی گیانی، سەربازگەکە وەڵامی بۆردومانەکەی بە چەکی دۆشکە داوەتەوە.

هاوکات، محەممەد ئەمین غەریب، بەڕێوەبەری ناحیەی زێلکان بە 964+ی وت، کاتیۆشاکان نەگەیشتوونەتە سنووری ناحیەکەیان و لە نزیک باشیک کەوتوونەتە خوارەوە.

لە ساڵی ٢٠٢٢، زیاتر لە ١٠ جار سەربازگەی تورکیا لە زێلکان بۆردوومان کراوە کە لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە دروستکراوە و دەکەوێتە بناری چیای مەقلووب لە دەشتی نەینەوا.

لە لایەکی دیکە، شەوی رابردوو دەنگۆی بۆردومانکردنی کەمپی جودی بڵاوکرایەوە لە قەزای مەخمور، بەڵام بە ساغکردنەوەی 964+، دەرکەوت دوورە لە راستییەوە.

هه‌ڤاڵ بێوار، ئه‌ندامى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى په‌یوه‌ندییه‌كانى كه‌مپی مه‌خمور له‌ لێدوانێكدا بۆ 964+ دەنگۆکەی رەتکردەوە و وتی، “به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێ ماڵپه‌ڕ و ده‌زگا ئه‌و هه‌واڵه‌یان بڵاوكردووەته‌وه‌ به‌ڵام راست نییه”.

هەر دوێنێ یەکشەممە، سوپای عێراق تۆپبارانی ژمارەیەک چەکداری نەناسراوی کردووە لە نزیک گوندی ئاژیکەندی بناری چیای قەرەچووغ، کە گوایە داعش بوون، بەڵام تاوەکو ئێستا زیانە گیانییەکان دیارنین.