گەرمیان.. لە 5 مانگدا 167 رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراوە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

لە ماوەی پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵ لە تەواوی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان 167 رووداوی ئاگرکەوتنەوەی جۆراوجۆر تۆمار کراون.

بەپێی ئامارەکان بێت، زۆرترین رووداو کە تۆمارکراوە، سووتانی دەغڵ و دانی جوتیاران بووە کە 67 رووداوی ئاگرکەوتنەوە بووە و بەهۆیەوە نزیکەی 70 دۆنم زەوی چێندراو بە گەنم سووتاوە، هاوکات 200 دۆنم جاڕ و پوش و پاوانیش سووتێنراون.

ئیبراھیم محەمەد، وتەبێژی بەرگری شارستانی گەرمیان بە 964ـی وت، جگە لە سووتانی گەنم ئەوا 33 رووداوی ئاگرکەوتنەوەی ماڵان، لەگەڵ 17 رووداوی سووتانی ئوتۆمبێل و 50 رووداوی دیکەی جۆراوجۆر لە ماوەی پێنج مانگی رابردوو تۆمارکراون.

وتەبێژی بەرگری شارستانی گەرمیان دەشڵێت: زۆرینەی ئاگرکەوتنەوەکانی ماڵان و ئۆتۆمبێل ھۆکارەکانیان شۆرتی کارەبایی و فیتپەمپە، ئەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانیش “ بەشێکیان نەزانراون و بەشێکیشیان لەلایەن جوتیارەکان خۆیانەوە جاڕەکان دەسوتێنرێن”.

بەرگری شارستانی گەرمیان، هیچ خەملاندنێکیان بۆ زیانەکان نەکردووە، وەک وتەبێژەکەی دەڵێت کە “کاری ئەوان نییە”.

پیداچوونەوە: فەرمان سادق