لە ماوەی سێ مانگدا دەستی بەسەردا گیراوە

150 ماتۆڕسکیل لە گەرمیان پان دەکرێنەوە

964+

توانا نەقی

هاتوچۆی گەرمیان ئەمڕۆ چوارشەممە 150 ماتۆڕسکیل کە دەستیبەرداگیراوە بە جارێک پاندەکاتەوە و لەناویان دەبات.

ئەو ماتۆڕانە لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا لە گەرمیان دەستیان بەسەرداگیراوە.

سامان عەلی، وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان بە 964ـی راگەیاند، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پرۆسەی پانکردنەوە و لەناوبردنی ماتۆڕسکیلەکان دەست پێدەکەن.

وتیشی، لە ماوەی ئەمساڵدا واتە 2023 لە سێ مانگی یەکەم 150 ماتۆر پانکراونەتەوە و ئێستاش 150 ماتۆڕی دیکە پاندەکرێنەوە.

رێکاری لەناوبردن و پانکردنەوەی ماتۆرسکیلەکان بە شێوازێكە کە لەلایەن هاتوچۆی گەرمیانەوە نوسراو بۆ هاتوچۆی هەرێم دەکرێت و ئەوانیش رازیبوونی خۆیان بە لەناو بردنی ئەو ماتۆڕانە دەردەبڕن.

وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان دەشڵێت، ماتۆڕەکان بێ سەرەتان و مەفرەزەکانیان بەردەوام چاودێریان دەکەن و هاوڵاتیانیش بە شێوەیەکی زۆر سکاڵا لەسەر ئەو ماتۆڕانە دەکەن کە هەندێک جار دەبنە هۆی بێزارکردنیان.