پاشماوەی ئاگرەکەی دەربەندیخان کە بەهۆیەوە 30 دۆنم زەوی سوتاوە. فۆتۆ: پۆلیسی دارستانی سلێمانی
ئاگرەکەی دەربەندیخان 30 دۆنم زەوی سووتاندووە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
ئاگرەکەی دوو رۆژی رابردوو لە دەربەندیخان نزیکەی 30 دۆنم دەغڵ و دان، باخی هاوڵاتیان و پووش و پاوانی سووتاندووە.
پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، ئاگرەکە بە هاوکاری دانیشتووانی سنورەکە لەلایەن پۆلیسی دارستان و ئاگرکوژێنەوەی دەربەندیخان کۆنترۆڵکراوە، بەڵام تا ئێستا نازانرێت هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە چی بووە.
پێشتر کەیوان ئەحمەد بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی دەربەندیخان بە 964ی وت: “لە شەوی هەینییەوە سێ جار ئاگر لەو سنوورە کەوتووەتەوە”.
هەر رۆژی شەممە لە ئاگرکەوتنەوەیەکی دیکەدا، لە بانووەقەلی نزیکی ناحیەی سەنگەسەر ئاگرێکی زۆر لە دەغڵودانی جووتیارانی ناوچەکە کەوتەوە و لەلایەن بەرگریی شارستانی راپەڕینەوە کۆنتڕۆڵ کرا.
عەلی قادر وتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین بە 964ـی وت، کاتژمێر 2:15 خولەک ئاگادارکرانەوە لە بوونی ئاگرێک لە بانووەقەلی سەر بە ناحیەی سەنگەسەر، بەهۆی (با)وە ئاگرەکە تەشەنەی سەندووە و 300 دۆنم گەنم و 350 دۆنم پووش و پەڵاشی جووتیاران سووتا، زیانی گەنمەكە نزیكەی 300 ملیۆن دینارە.