دیمەنی پیسبوونی رەنگی ئاوی گەڕەکێک - وێنە: 964
"کرمی بچوکی تێدایە"
رەنگی ئاوی خواردنەوە لە گەڕەکێکی ئاکرێ قاوەیی بووە
964+
زەید کۆچەر- دهۆک
لە گەڕەکی “گەلیی عەبدلعەزیز و مەهەتی”، لە ئاکرێ زیاتر لە 100 ماڵ هەن، چەندین رۆژە نزیکەی 30 ماڵیان ئاوی پیسیان پێدەگات و دانیشتوانەکەی دەڵێن، “ئاوەکە رەنگی قاوەییە و کرمی بچوکی تێدایە.”
شالیار ئاکرەیی، دانیشتووی گەڕەکەکەیە، ئەو بە 964ی وت، زیاتر لە 10 رۆژە ئاوی نزیکەی 30 ماڵ بەو جۆرەیە، “زۆر پیسە و کرمیشی تێدایە و بۆنێکی زۆر ناخۆشیشی هەیە، بە هیچ شێوەیەک بۆ خواردنەوە ناشێت”.
ئەو ماڵانە ناچار خۆیان بە تەنکەر ئاو دەکڕن.
964 بەدواداچوونی بۆ ئەم کێشەیە کرد و دەرکەوت، گەڕەکەکانی چۆستە، گۆڕاڤا و مەزینکا زێرابیان نییە و ئاوی زێرابی ماڵەکان دێتە خوارەوە و تێکەڵی ئاوی خواردنەوەی ئەو 30 ماڵە دەبێت.
زرار ئەحمەد، بەرێوبەری ئاوی ئاکرێ بە 964ی وت، “لە خەزانەکانی ئاو هیچ کێشەیەک نییە، بەڵام لە گەڕەکەکەدا تێکەڵبوونی ئاوی خواردنەو و ئاوەڕۆ دروستبووە، ئەمڕۆ تیمەکانی ئێمە چەند شوێنێکیان دەستنیشانکردووە و هەوڵدەدەین لەم دوو رۆژە بە تەواوی کێشەکە چارەسەر بکەین”.
بەرێوبەری ئاوی ئاکرێ دەڵێت، داوایان لەو ماڵانە کردووە کە ئاوەکە بەکارنەهێنن و ئەوان لەسەر خەرجی خۆیان ئاوی خاوێنیان بۆ دابیندەکەن تاوەکو کێشەکە چارەسەر دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ئاکرێ پلانی داناوە کە ئەگەر گرفت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی ئەو گەڕەکانە دروستبێت، ئەوا هێڵێکی ئاوی نوێ بۆ گەڕەکەکە رادەکێشن.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر