ئافرەتانی هەولێر 7 گۆڵیان لە کچانی زاخۆ کرد

ئافرەتانی هەولێر بوون بە پاڵەوانی فوتساڵی کوردستان

964+

یادگار محەمەد- سلێمانی

یانەی فوتساڵی ئافرەتانی هەولێر بوون بە پاڵەوانی خولی فوتساڵی کوردستان و لە یاری کۆتایی گۆڵبارانی کچانی زاخۆیان کرد.

یاری کۆتایی پاڵەوانیەتی فوتساڵی ژنانی کوردستان دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 9.6.2023 لەسەر یاریگای داخراوی ساڵح عەلی لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.

گێمی یەکەمی یارییەکە بە هێرشەکانی ئافرەتانی هەولێر دەستیپێکرد، یاریزان ئاواز یونس لە خولەکی 11 گۆڵی یەکەم و پێشخستنی ئافرەتانی هەولێری تۆمار کرد.

گۆڵەکە بووە پاڵنەر بۆ یاریزانانی ئافرەتانی یانەکەی پایتەخت، بەدوایدا چوار گۆڵی تریان لە رێگەی یاریزانان شۆخان نورەدین، سەمیرە رەئوف، رەیان ئەشقی تۆمار کرد.
گێمی دووەمی یارییەکە، ژنانی فوتساڵی یانەی زاخۆ لە دروستکردنی دەرفەتی گۆڵ تۆمار کردن مەترسیان زیاتر بوو، ئەوە بوو توانیان لە رێگەی یاریزان سیپەل شکور دوو گۆڵ تۆماربکەن، بەڵام یاریزان شۆخان نورەدینی گۆڵکار لە خولەکەکانی 33 و 41ـی گێمی دووەم دوو گۆڵی تری کردە دیاری بۆ تیپەکەی و دواجاریش ئافرەتانی هەولێر بە ئەنجامی حەوت گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ یارییەکەیان بردەوە.

بەم سەرکەوتنە گەورەیە لە یاری کۆتایدا، یانەی ئافرەتانی هەولێر بۆ جاری سێهەم لە مێژووی خۆیدا بوون بە پاڵەوانی کوردستان، تیپی فوتساڵی یانەی زاخۆش دوای دوو ساڵ لە دامەزراندنی بۆ یەکەم جار پلەی دووەمی خولی نایابی کوردستانی بەدەستهێنا.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق