لە خەلیفان گرفتی کەمی غاز سەری هەڵداوە
964+
ئاکام غەفور- خەلیفان
دوو رۆژە لە ناحیەی خەلیفان و دەوروبەری گرفتی کەمی غاز هەیە و بە ئەستەم دەستدەکەوێت ئەوەشی کە هەیە بازرگانییە.
لەگەڵ ئەوەی غازی حکومی دەستناکەوێت، نرخەکەشی لە 8,500 دینارەوە گرانبووە بۆ 10,000، غازفرۆشێکیش دەڵێت: چاوەڕێ دەکرێت نرخەکەی بگاتە 15 هەزار دینار.
دیدار تەحسین، غازفرۆشێکی سنووری خەلیفانە بۆ 964 وتی”لە ئێستادا لە کارگەکانی ئەو سنوورە غاز بە دەست ناکەوێت، بۆیە نرخەکەی بەرز بوویتەوە تەنیا غازی بازرگانی هەیە، چەند رۆژێکە غازمان دابەش نەکردووە بە هۆی نەبوونی غازی حکومی، ئەمڕۆ بە ناچاری غازی بازرگانیمان دابەش کردووە”.
مەغدید عەریف ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان بۆ 964 وتی “هۆکاری کەمی غاز ئەوەیە کە نزیکی 10 رۆژ دەبێت غازی حکومی بۆ کارگەکانی پڕکردنەوەی غاز نەهاتووە بە هۆکاری نۆژەنکردنەوەی کێلگەی کۆرمۆر”.
زیاتر وتیشی “بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە دوو رۆژە بڕیاریمانداوە بە دابەشکردنی غازی بازرگانی بە نرخێکی گونجاو، بۆ رۆژی شەممە گرفتی کەمی غاز چارەسەر دەبێت”.
ناحیەی خەلیفان کە ژمارەی دانیشتووانی 40 هەزار کەس زیاتر دەبێت و 63 گوندی بەسەرەوەیە، دوو کارگەی پڕکردنەوەی غازی ماڵانی تێدایە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق