كۆمپانیاكەش دەڵێت هاوبەشەكان قیست نادەن
هاوبەشانی ئاریا ستی داوای تەواو كردنی شوقەكانیان دەكەن
964+
هەژین فەتاح
بەشێك لە هاوبەشانی شوقەكانی ئاریا ستی گردبوونەوە، داوا دەكەن شوقەكانیان تەواو بكرێت، كۆمپانیای جێبەجێكاریش دەڵێت: گرفتمان بۆ دروستبووە.
وا بڕیار بوو سەرجەم شوقەكانی ئاریا سیتی لە 1.1.2023 تەواو بكرێن، بەڵام تا ئێستا تەنیا لە 70%ـی تەواوكراون و بەشێك لەو كەسانەی كە شوقەیان كڕیوە، ئەمڕۆ لەبەردەم شوقەكانیان گردبوونەوە.
پڕۆژەی ئاریا سیتی، لە 25 یەكەی نیشتەجێبوون پێكدێت، كە دەكاتە هەزار و 200 شوقە، هەر شوقەیەك بە 60 هەزار دۆلاری بە کڕیارانی دراوە.
قیستی مانگانەی شوقەكانی ئاریا ستی 500 دۆلارە، بەڵام بەهۆی وەستانی كارەكانی پڕۆژەكەوە بەشێك لە دانیشتووانی شوقەكان و هاوبەشەكان كرێی قیستی مانگانە نادەن.
یەكێك لە خاوەن شوقەكان كە لەو شوێنە گردببوەوە بە 964ـی وت، دەمانەوێت شوقەكانمان بۆ تەواو بكرێت.
بەپێی زانیاریەكانی 964 ئەو كۆمپانیایەی كە پڕۆژەكەی لە وەبەرهێنانی دهۆك وەرگرتووە، ناوی (نیبەرە) و ئەوانیش بەهۆی نەبوونی پارەوە ناتوانن كارەكانیان لەگەڵ كۆمپانیای ئێم بی تەواو بكەن، چونكە خاوەن قیستەكان پارەی قەرزی شوقەكان نادەن بە كۆمپانیاكە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی كە كارەكانی كۆمپانیاكە بوەستێت.
جاسم محەمەد، بەڵێندەری كۆمپانیای ئێم بی كە سەرپەرشتی پڕۆژەی ئاریا ستی دەكات بە 964ـی وت، 77 دەفتەرم خوراوە، ئێستا كۆمپانیای ئێم بی 18 ملیۆن دۆلار قەرزای بەڵێندەرەكانی خۆیەتی و پارەی نییە بیداتەوە.
بۆ بەدواداچونی زیاتر لەسەر كێشەكانی ئەو شوقانە پەیوەندی بە وەبەرهێنانی دهۆكەوەكرد بەڵام وەڵامیان نەدایەوە.
پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد