رێکخستنەوە بە شەقامەکانی دەوروبەری قەڵای هەولێر دەکرێت
964+
فەرمان سادق
بە مەبەستی رێکخستنەوەی شەقامەکانی سەنتەری شار و سیستمی هاتوچۆی دەوروبەری قەڵا بەرپرسانی حکومەتی خۆجێی هەولێر کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە 8.6.2023 ئەنجامدراوە ئامانجیش لێی چارەسەركردنی گرفتی جەنجاڵی و رێكخستنەوەی شەقامەكانی دەوروبەری قەڵای هەولێرە.
لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە “بۆ ئەوەی سیمایەكی جوان بە زۆنەكە ببەخشین و رەنگدانەوەیەكی كەلتووری هەبێت بە تایبەتی بەهۆی ئەوەی رۆژانە ژمارەیەكی زۆری گەشتیار سەردانی ئەو زۆنەی شاری هەولێر دەكەن، لەوبارەیەشەوە وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێر، جەختیان لەسەر بە زوویی جێبەجێكردنی کارەکان كردووە بە دروستكردنی لیژنەیەكی هاوبەش بۆ ئەوەی لە ماوەی شەش مانگدا هەموو ئەو کارانە جێبەجێ بكرێت”.
کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئامادەبوونی بەرپرسانی ئیداری ناوشاری هەولێر بووە.
لە کۆبوونەوەکەدا، چەند بڕیار و راسپاردەیەک خرایەڕوو بۆ رێکخستنەوەی شەقام و شۆستەکان و ئەو شوێنانەی کە پێویستییان بە پاککردنەوە و چاککردنەوە هەیە، هەروەها چارەسەرکردنی گرفتەكانی هەموو ئەو شوێن و شەقامە سەرەکییانە کە لە چەند جێگایەکی شاری هەولێر قەرەباڵغییەکی زۆریان کەوتووەتەسەر و بەهۆی زۆری ژمارەی ئوتۆمبێلەوە دووچاری خنکان هاتوون، بۆ ئەمەش لیژنەیەكی هاوبەش لەگەڵ قائیمقامیەتی ناوەند پێکدەهێندرێت بۆ چارەسەری ئەو پرسە.