10 کەس لەناو مەسعەدەکەی نەخۆشخانەی ئازادی کەرکوک گیریان خوارد

964+
کاروان ساڵحی

ئەمشەو 10 کەس بۆ ماوەی نزیکەی کاتژمێرێک لەناو یەکێک لە مەسعەدەکانی نەخۆشخانەی ئازادی کەرکوک گیریان خوارد، دواتر رزگارکران.

رزگاربووەکان قسەیان بۆ 964 کرد و وتیان، شاشەی ناو مەسعەدەکە لەکارکەوتبوو، لە کاتژمێر 8:40ی شەوەوە ئیتر گیریان خواردووە.

فەرمان نەعمان، یەکێک لەوانەی گیری خواردبوو، بۆ 964ی باسکرد، “ناو مەسعەدەکە هیچ ژمارەیەکی فریاگوازاری تیادا نەبوو پەیوەندی پێوەبکەین”.

لەوکاتەی لەناو مەسعەدەکەدا بوون، 964 ڤیدیۆیەکی ئەو کەسانەی بڵاوکردەوە کە گیریان خواردبوو.

بە قسەی گیرخواردووەکان دوێنێ سێشەممەش رووداوێکی هاوشێوە روویداوە.

لەوبارەیەوە، دکتۆر بەڵێن عومەر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی لە کەرکوک بە 964ی وت، راستە ئەوە دووەمجارە ئەو حاڵەتە رووبدات، “بەڵام ئەم نەخۆشخانەیەمان 38 ساڵە دروستکراوە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە”.