هێڵکاری شەقامەکان گەیشتە کەرکوکیش
بۆ ماوەی سێ رۆژ شەقامەکانی ناو بازاڕی کەرکوک دادەخرێت
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
بەمەبەستی قیرتاوکردن و هێڵکاری بۆ شەقامەکان، ماوەی سێ رۆژ چەند شەقامێکی سەرەکی چوون بۆ ناو بازاڕی کەرکوک دەدەخرێت.
بڕیارە بۆ ماوەی سێ رۆژ چەند شەقامێکی ناو بازاڕی کەرکوک بە رووی شۆفێران دابخرێت کە لە سبەی پێنجشەممەوە 8.6.2023 دەستپێدەکات.
هەریەکە لە شەقامەکانی بەردەدم چایەخانەی مەجیدیە و شەقامی ئینزیباتخانەی کۆن و شەقامی دادگای کۆن و شەقامی بازاڕی سبوغچێکان سبەی پێنجشەممە دادەخرێت.
عەدنان شوکور، بەرپرسی راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی شارەوانی کەرکوک بە 964ـی وت، بە دیزاینێکی نوێ و هێڵکاری هاتوچۆ بە بۆیەی کوالێتی بەرز، شەقامەکان نۆژەن دەکرێنەوە.
دەشڵێت: لە کاتژمێر 11ـی شەوی سبەی پێنجشەممە ئەو شەقامانە بۆ ماوەی سێ رۆژ دادەخرێن و هەندێک شەقامی بەدیل و لاوەکی هەیە شوفێران دەتوانن بەکاریبهێنن.
ئوسامە خالید، راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی کەرکوک بە 964 ی وت، لە پلانماندایە ئەو شەقامانەی پێویستی بە هێڵکاریە بۆی ئەنجامبدەین بەو بودجەیەی لە بەردەستماندایە.
دەشڵێت: بودجە تەرخانکراوە بۆ دەرەوەی شار، ئێستا دەستکراوە بە نۆژەنکردنەوەی شەقامی سەرەکی نێوان داقوق و دوز خورماتوو بە رووی بەغدا، بەهەمان شێوەی هێڵکاری تەواوی شۆستە و شەقامەکەی بۆ ئەنجامدەدەین.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق