فراکسیۆنی گۆڕان کورسییەکەی شایان عەسکەری لە پەرلەمان پڕ کردەوە

+964

فەرمان سادق

سۆز عەبدولقادر، وەک پەرلەمانتاری نوێی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە جێگەی شایان عەسکەری سوێندی یاسایی خوارد.

دوای دەستلەکارکێشانەوەی لە ئەندامیەتی پەرلەمانی کوردستان لە ١٦ـی مانگی رابردووە، شایان عەسکەری لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، وێنەی نامەی دەستلەکار کێشانەوەی بڵاوکردەوە.

لە نامەکەدا دەڵێ، بەهۆی تەواوبوونی ماوەی ئەم خولەی پەرلەمان، داواکارم ئەم یاداشتی دەستلەکار کێشانەوەیەم کە ئەندامیەتی پەرلەمان، بخەنە بەرنامەی کاری نزیکترین دانیشتنی پەرلەمان، چونکە “رەزامەند نیم بەدەر لە یاسا ئەم خولە درێژ بکرێتەوە”.

 لە پۆستێکیدا لە پەیجی خۆی دوای پەسنکردنی نامەی دەستلەکار کێشانەوە، شایان عەسکەری، سوپاسی دەنگدەرانی دەکات کە لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ـی پەرلەمانی کوردسیان دەنگیان پێید داوەو دەڵێ؛ سوپاس بۆ خوا ئەمڕۆ دەست لەکارکێشانەوەم لە ئەندامێتی پەرلەمان پەسند کرا، سوپاس بۆ “ھەموو دەنگدەرانم بۆ ئەو چوار ساڵە منتان کرد بە نوێنەری خۆتان، ھیوادارم لە ئاست متمانەتان دا بووبم. دڵنیاتان دەکەمەوە ئەوەی لە توانام دا بووبێت بەو پەڕی دڵسۆزییەوە وەکو ئەرکی سەرشانم جێبەجێم کردووەو، ھەمیشە بەرژەوەندی ھاووڵاتی ئامانجی یەکەمم بووە،لە ڕاپەڕاندنی ئەرکی سەرشانم”.

دەستلەکار کێشانەوەی شایان عەسکەی وەک هەڵوێستێک بوو دژ بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بۆ ماوەی ساڵێک، دوای ئەویش سەرجەم پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە شەشی ئەم مانگە دەستینالەکار کێشایەوە، هاوکات پەرلەمانتارانی کۆمەڵی دادگەری و نەوەی نوێ و ژمارەیەک پەرلەمانتاری تریش بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانیان راگەیاند.

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا، سۆز عەبدولقادر، لە شوێنی شایان عەسکەری سوێندی یاسایی خوارد وەک پەرلەمانتار.

سۆز عەبدولرەحمان، لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ـی پەرلەمانی کوردستاندا لەسەر فراکسیۆنی گۆڕان، زۆرترین دەنگی هەبوو لە ریزی پەرلەمانتارە دەرنەچووەکان، بۆیە بەپێی ریزبەندی و، رەچاوکردنی کۆتای ژنان، خرایە شوێنی شایان عەسکەری.